خۆپێشاندان.. هێزەكانی عێراق دەكشێنێتەوە و داعش لە كەركووك دەردەكەوێتەوە

:: PM:04:46:18/07/2018 ‌

بەهۆی بەردەوامی خۆپێشاندانی پارێزگاكانی باشوور، حكوومەتی عێراق دەیان هەزار سەرباز لە كەركووك و خورماتوو پاشەكشە پێ دەكات و لە بەغدا بڵاوەیان پێ دەكات، بەرپرسێكی پێشمەرگەش دەڵێ داعش لە كەركووك لە سوپای عێراق بەهێزترە. شارەزایەكی تەناهیش دەڵێ كشانەوەی هێز ئەگەری كەوتنی ناوچەكەی لێ دەكرێت.

بەهۆی بەردەوامی خۆپێشاندانی پارێزگاكانی باشووری عێراق بۆ رۆژی نۆیەم لەسەر یەك، حكوومەتی عێراق سێ رۆژ لەمەوبەر هەزاران سەرباز و پۆلیسی فیدڕاڵ و هێزی نەهێشتنی تیرۆری لە كەركووك و خورماتوو و ناوچەكانی تر كشاندووەتەوە بۆ پارێزگاریكردن لە بەغدا و پارێزگاكانی تر، ئەمەش بووەتە هۆی زیاتربوونی جموجۆڵەكانی داعش لەو ناوچانە.

پێوەند بەو پرسە، بەرپرسێكی تەناهی لە كەركووك كە قسەی بۆ "بەغداد پۆست" كردووە، ئاشكرای كرد كە بە بڕیاری عەبادی فەرماندەی گشتیی هێزی چەكدار، هەزاران لە هێزەكانی تەناهی لە كەركووك كشاونەتەوە و بەرەو بەسڕە و شارەكانی تری باشوور. گوتی "هێزی بەرپەرچدانەوەی خێرا و پۆلیسی فیدڕاڵ بەرەو باشوور جووڵەیان پێ كراوە".

لە سێ رۆژی رابردوو زیاتر لە 30 هەزار سەرباز لە كەركووك و خورماتوو بەرەو باشوور كشاونەتەوە، ئەمە لە كاتێكدایە بە بوونی ئەو هێزەش داعش لەم ناوچانە رۆژانە جموجۆڵ و چالاكی هەبووە.

هاوكاتی كشانەوەی هێزەكانیان، لە بەرزایییەكانی قەرەچووغ، سێ رۆژ پێش ئێستە جموجۆڵەكانی داعش هەڕەشەی گەورەی لەسەر ناوچە كوردستانییەكانی ئەو دەڤەرە دروست كرد، هێزەكانی پێشمەرگە لە ئۆپراسیۆنێكدا هێرشیان كردە سەر داعش كە بەهۆیەوە دوو پێشمەرگە شەهید بوون و چەندانی تریش بریندار بوون.

پێوەند بەو پرسە، سیروان بارزانی بەرپرسی میحوەری شەشی هێزەكانی پێشمەرگە دەڵێ، پێشتر چاودێری جموجۆڵی داعش كرابوو، لە ئۆپراسیۆنەكەدا 31 خاڵی داعش بۆردمان كران كە خۆی لە 15 ئەشكەوتی بچووك دەبینییەوە.
 
سیروان بارزانی كە قسەی بۆ "دەنگی ئەمەریكا" كردووە، دەڵێ داعش لەڕووی سەربازییەوە وەك جاران پایتەخت و خەلافەتیان نەماوە، ئێستە زیاتر شەڕی پارتیزانی دەكەن، بەڵام لە هەندێك شوێنی دەوروبەری كەركووك شەوانە داعش لە حكوومەتی عێراق بەهێزترن.

"داعش ئێستە زیاتر شەڕی پارتیزانی و گەریلایی دەكەن، هەروەها لە هەرێمی كوردستان ئەو هێزەیان نییە كە بتوانن شارێك یا شارۆكەیەك بگرن، بەڵام ڕەنگە لە شوێنەكانی تر بەتایبەت شارۆكە بچووكەكان ئەوانەی خەڵكیان لەگەڵە بتوانن شوێن داگیر بكەن." سیروان وای گوت. ئەوەشی خستەڕوو داعش لە ناوچەكانی كەركووك و حەویجە بەتایبەت بەشەو لە حكوومەتی عێراق بەهێزترن.

هیشام ئەلهاشمی شارەزای تەناهی عێراقی لە لێدوانێكی تایبەت بە "وشە" ئاماژەی بەوە دا، جووڵە پێكردنی هێزێكی راهێنراو بۆ راوەدوونانی تیرۆرستان، بەرەو باشووری عێراق بۆ سەركوتكردنی خۆپێشاندەران، جووڵە پێكردنێكی سیاسییە و هیچ ئەجێندایەكی سەربازی لە پشتەوە نییە.

روونی كردەوە، بە هەبوونی ئەو هێزەش لە خورماتوو و كەركووك و ناوچەكانی تریش، داعش جموجۆڵی لە ماوەی رابردوودا هەبووە، ئێستە بە كشانەوەی هەزاران چەكداری هێزی بەرپەرچدانەوەی خێرا و پۆلیسی فیدڕاڵ و سوپا لەو ناوچانە، بۆشایی تەناهیی دروست دەكات و وادەكات دەیان گوند بێ پارێزبەندی بمێننەوە.

زیاتر گوتی "هەموو ئەوانە وادەكەن جموجۆڵی داعش زیاتر ببن، ئەگەر ئێستەش بێدەنگ بن، ئەوا بە مانەوەی دۆخەكە بەمجۆرە جموجۆڵیان زیاتر دەبێت و پیلان و تەكتیك دادەڕێژن بۆ داگیركردنی ئەو گوندانەی بێ پاسەوان و پارێزگاری لەلایەن یەكەكانی سوپاوە چۆڵ كراون".

هیشام ئەوەشی خستەڕوو، داعش لەو ناوچانەی شانەی نوستووی زۆرن، بۆیە ئەوەی عەبادی كردوویەتی هەڵەیەكی سەربازیی گەورەیە هێزێكی وەها راهێنراو پاشەكشە پێ بكەیت، گوتی "بە بوونی ئەو هێزە دۆخی تەناهی ناوچەكە زۆر لەرزۆك بوو، بۆیە دوور نییە بە كشانەوەی ببێتە هۆی كەوتنی باشووری كەركووك و خورماتوو".

رۆژێك دوای كشانەوەی ئەو هێزە، داعش لەسەر رێی سەرەكی كەركووك بەغدا، لە بۆسەیەكدا هێرشی كردە سەر یەكەیەكی سوپای عێراق و ئەفسەرێكی كوشت و چوار سەربازی تریشی بریندار كرد.

محەمەد فایەق لە راگەیاندنی شارۆكەی خورماتوو لە لێدوانێكی تایبەت بە "وشە" ئاماژەی بەوە دا، داعش مەترسی نەبووە لەسەر سەنتەری خورماتوو، بەڵام بەودیو چیای خورماتوو، مەترسی هەیە لەسەر گوندەكانی ئەو ناوچانە.

فایەق رەتی كردەوە بە شكانەوەی ئەو هێزە مەترسی بكەوێتە سەر خورماتوو، بە قسەی ئەو فەیلەقێكی سوپای عێراق لە خورماتوو هەیە كە لە چەندان لیوا پێكدێن، گوتی "چەند رۆژێك پێش ئێستە ئۆپراسیۆنێك دژ بە داعش لە ناوچەكە ئەنجام درا، بەڵام هیچ چەكدارێكی داعش نەگیرا و هیچیشیان لێ نەكوژرا".



وشە - فه‌رمان سادق