ڕۆژنامەیەكی ئەمەریكی لە ڕاپۆرتێكدا ئاشكرای كرد، تیرۆریستانی داعش زۆر خێراتر لەوەی پێشبینی دەكرێ لە ناوچە جیاجیاكانی عێراق بڵاو دەبنەوە و هەڵمەتەكانی ڕفاندن و كوشتن و تەقینەوە زۆر پەرەیان سەندووە و ترسی زۆری لە دڵی خەڵكی ناوچەكە بڵاو كردووەتەوە.
پێگەی "
شەفەق نیوز" ڕاپۆرتەكەی ڕۆژنامە ئەمەریكییەكەی وەرگێڕاوە و تێیدا هاتووە، هێرشە بچووكەكانی داعش لە ناوچە پەراوێزخراوەكان لەلایەن حكوومەتی عێراق، تاكتیكێكی نوێی تیرۆریستانە و هەمان ئەو بەرنامەیە كە بەر لە 2014 و هاتنی بۆ عێراق و دەركەوتنی بە بەهێزی ئەنجامی دەدا.
لە بەشێكی تری ڕاپۆرتەكە هاتووە، سەرەڕای ئەوی عەبادی لە كانوونی یەكەم/دیسێمبەری ڕابردوو كۆتایی داعشی لە عێراق ڕاگەیاند، ترەمپ و پوتینیش لە دوا دیداریان لە هێلنسكی دووپاتیان لەوە كردەوە كە 98 تا 99%ی شەڕی داعش كۆتایی هاتووە، بەڵام شەپۆلێكی تری توندوتیژی و تیرۆر عێراق دەگرێتەوە.
ڕۆژنامەكە نووسیویەتی، داعش لە ماوەی ڕابردوو گورزی لە ناوچەكانی پارێزگای دیالە و كەركووك و سەڵاحەدین و باكوری عێراق داوە، ئەمەیش پرسیاری زۆری لای خەڵكی دروست كردووە، ئایا بە كردەیی داعش نەماوە، یان نەمانی داعش هەواڵ و گوتاری سیاسییەكانی عێراقە، بۆ پێشاندانی سەركەوتن بەسەر تیرۆر دا.
ڕوونی كردووەتەوە، كە دەیان كەس لە شێخی هۆزەكان و كەسایەتی گوندەكان لەلایەن چەكدارانی داعش لە دوو مانگی ڕابردوو لە ناوچەكانی عێراق ڕفێنراون، جیا لەوەی ژێرخانی كارەبا و ئاو و نەوتی ناوچەكان تەقێنراونەتەوە و ڕێیە سەرەكییەكان مەترسیدارن و هاتوچۆی بارهەڵگرەكان بە تەواوی لە ترسی داعش ڕووی لە كەمبوون كردووە.
عیماد مەحموود ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە بە ڕۆژنامەكەی ڕاگەیاندووە، خەڵك لەو بڕوایەدا بوون ئارامی و جێگیری گەڕاوەتەوە، بەڵام بڵاوكردنەوەی كردە تیرۆریستییەكان بە ڤیدیۆ و وێنە لەلایەن داعشەوە و بەردەوامی ڕفاندن و كوشتن جارێكی تر ترسی خستووەتە دڵی خەڵكەوە.
زیاتر گوتی، لە بیابانی عێراق تا گرد و زنجیرە چیاكانی حەمرین داعش بە فرەوانی بڵاو بوونەتەوە و بوونیان هەیە، هەرچەندە ڕێژەیان زۆر نییە، بەڵام بە تەواوی مەترسییان لەسەر ناوچەكە دروست كردووە.
ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش لە پاشماوەكانی ڕێكخراوی قاعیدەی عێراق لە سووریا پێكهێنرا و توانییان ناوچەیەكی زۆری سووریا كۆنتڕۆڵ بكەن، لە حوزەیران/یۆنیۆی 2014 سنووری عێراق و سووریایان تێكشكاند و مووسڵی دووەم گەورە شاری عێراقیان داگیر كرد، دوای ئەوەی 60 هەزار سەرباز و پۆلیسی ناوخۆی چەك و جل و ئۆتۆمبێلەكانیان جێ هێشت و ڕایان كرد.
لە مانگی تەمووزی 2017 هێزەكانی عێراق مووسڵیان كۆنتڕۆڵ كردەوە و هەڵمەتەكان بۆ لەناوبردنی داعش تا مانگی كانوونی یەكەم/دیسێمبەری 2017 بەردەوامی هەبوو و لە نۆی هەمان مانگ حەیدەر عەبادی كۆتایی داعشی لە عێراق ڕاگەیاند.