وەزارەتی بەرگری رووسیا: ئامادەی هاوکاری سوپای ئەمەریکاین لە سووریا

:: PM:05:19:18/07/2018 ‌
دوابەدوای کۆبونەوەی ترەمپ و پوتین لە هێلسنکی، وەزارەتی بەرگری رووسیا بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە و تیایدا ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ هاوکاری سەربازی ئەمەریکا لەناو خاکی سووریادا.

ئەمڕۆ چوارشەم 18ی ئەیلوول/یۆلیۆ ئاژانسی هەواڵی ئەوروپای ئازاد رای گەیاند، وەزارەتی بەرگری رووسیا لە بەیاننامەیەکدا بڵاوی کردووەتەوە، سوپای رووسیا ئامادەی کاری سەربازی هاوبەشە لەگەڵ وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و ئەو ئامادەییەش بەپێی رێکكەوتنی سەرۆکی هەردوو وڵات لە هێلسنکی رێک خراوە.

لە بەیاننامەکەی وەزارەتی بەرگری رووسیادا هاتووە، سوپای رووسیا ئامادەیە لەگەڵ سوپای ئەمەریکا لەناو خاکی سووریادا هاوکاری سەربازی بکات، بە ئامانجی پیادەکردنی رێکكەوتنەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و ولادیمیر پوتین، سەرۆک کۆماری رووسیا لە هێلسنکی.

زیاتر روون کراوەتەوە، سەرکردە سەربازییەکانی رووسیا ئامادەن لەگەڵ سەرکردە سەربازییەکانی سوپای ئەمەریکا لەبارەی هاوکارییەکانیان لە سووریا گفتوگۆ بکەن و ئەوەیش ببێتە هەوێنێک بۆ زیاتر لەیەک نزیکبوونەوە و هاوکاری کردن لە داهاتوویەکی نزیکدا.

رۆژی دووشەم 16ی تەمووز، پوتین و ترەمپ لە هێلسنکی کۆبوونەوە و دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکە سەرۆک کۆماری رووسیا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی هاوبەشدا رای گەیاند، هەردوو وڵات رێک کەوتن لە سووریا هاوکاری سەربازی یەکتر بکەن، بەڵام هیچ وردەکارییەک لەبارەی هاوکارییە سەربازییەکە نەخرایە روو.

سەرچاوە/زەمانە

 



وشە - هیدایه‌ت جان