ژمارەیەك تۆمەتباری گەندەڵی لە كوردستان ڕایانكرد

:: PM:05:56:18/07/2018 ‌
بەرێوەبەری پۆلیسی هەولێر ڕای گەیاند، بە بڕیاری دەستەی دەستپاكی و دادگا لە ماوەی ڕابردوو ژمارەیەكی زۆر لە گەندەڵكاران لە هەولێر لەلایەن پۆلیسەوە گیراون.

ئەمڕۆ چوارشەم 18ی تەمووز/ یۆلیۆ، عەبدوالخالق تەلعەت بەرێوەبەری پۆلیسی هەولێر لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، ڕەوانە كردنی كەیسەكانی گەندەڵی لەلایەن دەستەی دەستپاكی هەرێمی كوردستانەوە بۆ دادگا بەردەوامە و دواتر لەلایەن پۆلیسەوە هەموو ئەو تۆمەتبارانە دەگیرێن كە بڕیاری گرتیان لەسەرە.

بەرێوەبەری پۆلیسی هەولێر ئاشكرای كرد، لەماوەی شەش مانگی ڕابردووی ئەمساڵدا زیاتر لە 150 كەس لە هەولێر فەرمانی گرتنیان بە تۆمەتی گەندەڵی دەرچووە و پۆلیس گرتوونی.

ئاماژەی بەوەیش كرد، هاوئاهەنگی هەیە لە نێوان پۆلیس و دادگا و دەستەی دەسپاكی بۆ ئەوەی تۆمەتبارانی گەندەڵی بە ماوەیەكی كەم بگیرێن و ڕەوانەی دادگا بكرێن.

بەرێوەبەری پۆلیسی هەولێر نەیشاردەوە، بەشێك لە تۆمەتبارانی گەندەڵی بۆ دەرەوەی وڵات ڕایانكردووە و پۆلیس لە ڕێگەی ئینتەرپۆلەوە هەوڵی گرتنیان دەدات.

ئەو گوتانەی بەرێوەبەری پۆلیسی هەلولێر لە میانی بەشداری كردنی بوو لە سیمینیارێكی تایبەت بە ستراتیجی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی كە لە لایەن دەستەی دەسپاكی هەرێمی كوردستانەوە ڕێكخرابوو.

ستراتیجی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە لایەن دەستەی دەسپاكی هەرێمی كوردستانەوە ئامادە كراوە، ستراتیجییەكە تایبەتە بە پێنج ساڵ و ڕۆڵی دامەزراوەكانی كوردستان بە ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی دیاری دەكات.

لەناو ستراتیجییەكەدا هەشت سێكتەر دیاری كراون كە ڕۆڵی زۆریان لە ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی هەیە و تا ئێستە گفتوگۆ لەسەر سێ‌ لەو سێكتەرانە كراوە كە میدیا و ئەنجوومەنە خۆجێییەكان و دەزگا تەناهییەكانە.




وشە - سه‌رخێڵ هاشم