سەرانی فراكسیۆنە سیاسییەكان لەگەڵ سەرۆك كۆماری عێراق لەكۆبوونەوەدان

:: PM:06:32:18/07/2018 ‌

ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەم لەسەر بانگهێشتنی فوئاد مەعسووم، سەرۆك كۆماری عێراق و بێ ئامادەبوونی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران، كۆبوونەوەیەكی فرەوان بە بەشداری سەرانی فراكسیۆنە سیاسییەكانی عێراق دەستی پێ كرد.

سەرچاوەیەك لەوبارەوە رای گەیاند كۆبوونەوەكە لە كۆشكی كۆماری ساز كراوە و زۆرینەی سەرانی فراكسیۆنە سیاسییەكان ئامادەی بوونە، بەڵام حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق ئامادەی كۆبوونەوەكە نەبووە. 

بەپێی زانیارییەكان هەریەك لە نووری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و ئوسامە نوجێفی سەرۆكی هاوپەیمانی قەڕاڕ و عەمار حەكیم سەرۆكی هاوپەیمانی حیكمەی نیشتیمانی و زیا ئەسەدی نوێنەری موقتەدا سەدر و محەمەد كەربوولی سەرۆكی هاوپەیمانی عێراق هەویەتونا و عەبدولكەریم ئەنساری لە بری هادی عامری و كازم شمەری لە هاوپەیمانی وەتەنییە ئامادەی كۆبوونەوەكە بوونە.

سەرچاوەكە زیاتر گوتی، لەو كۆبووەدا باسی خۆپێشاندانەكانی دوایی و لێكەوتەكانی و داوكاری خۆپێشاندەران و پاڵپشتیكردنی حكوومەت و پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق و هەڵبژاردن و ئەنجامەكانی لەدوای ژماردنەوەی بەدەستی دەنگەكان دەكەن.

ماوەی 10 رۆژە خۆپێشاندانەكان لە عێراق بەردەوامن و ژمارەیەك قوربانی لێ كەوتووەتەوە و ئەوان داوای باشتركردنی خزمەتگوزارییە سەرەكییەكانی وەك ئاو و كارەبا و دابینكردنی هەلی كار دەكەن.

سەرچاوە/ غەد پرێس





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل