لەسەر ڕێنوێنی خامنەیی.. رووحانی کۆمەڵێک وەزیر لە کابینەکەی دوور دەخاتەوە

:: PM:07:11:18/07/2018 ‌
رووحانی و خامنەیی بەیەکەوە رێککەوتوون کابینەی حکوومەت بکەن بە کابینەیەکی نیمچە سەربازی و هاوکات سەرۆکی نووسینگەی سەرۆک کۆماری ئێران رای گەیاند، حکوومەت بەنیازە گۆڕانکاری لە کابینەکەیدا بکات.

ئەمڕۆ چوارشەم 18ی تەمووز/یۆلیۆ مەحموود واعزی، سەرۆکی نووسینگەی سەرۆک کۆماری ئێران لە کۆنفرانسێکی میدیاییدا رای گەیاند، دوای دیدارەکەی عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران لەگەڵ کابینەی حکوومەتی رووحانی، سەرۆک کۆمار سەرقاڵی گۆڕانکارییە لەناو کابینەکەیدا و بڕیارە وەزیری چەند وەزارەتێک بگۆڕدرێن.

واعزی هیچ وردەکارییەکی لەو بارەیەوە نەخستەڕوو و تا ئێستە روون نییە ئەو وەزیرانە کامەن لەکار لادەدرێن، بەڵام ئاژانسی هەواڵی فارسنیوز لە راپۆرتێکدا ئاماژەی داوە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو پاڵەپەستۆیانەی لەلایەن ئەمەریکاوە خراوەتە سەر کۆماری ئیسلامی ئێران، کۆمەڵێک کەسایەتی بەهێزی سەربازی ئیدارەی حکوومەت بگرنە دەست.

عەلی خامنەیی رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران رۆژی یەکشەم 15ی تەمووز لەگەڵ وەزیرانی حکوومەتی رووحانی کۆبوویەوە و ماڵپەڕی رێبەری کۆماری ئیسلامی ئاماژەی داوە، بەشی هەرە زۆری گفتوگۆکانی خامنەیی و حکوومەت لەبارەی دۆخی ئابووری و چۆنیەتی رووبەڕووبوونەوەی ئەو تەنگژانەیە بەرۆکی ئێرانیان گرتووە.

مەحموود واعزی لە کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەکەی ئەمڕۆیدا ئاماژەی دا، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو بابەتە هەستیارانەی لە کۆبوونەوە لەگەڵ خامنەییدا خراوەتە بەرباس رووحانی نیازی هەیە بەشێک لە ئەندامانی کابینەکەی بگۆڕێت.

سەرۆکی نووسینگەی رووحانی هیچ ئاماژەیەکی بە ناوی ئەو وەزیرانە نەدا کە بڕیارە لە کار لابدرێن و لە وەڵامی رۆژنامەنووساندا رای گەیاند، گۆڕانکارییەکە تەنیا پێوەست نابێت بەو وەزارەتانەی پێوەندیان بە ئابووری وڵێ‌تەوە هەیە، بەڵکو سەرجەم وەزارەتەکان لەخۆ دەگرێت.

سەرچاوە/زەمانە



وشە - هیدایه‌ت جان