چی وا لە گەنجان دەكات بچنە پاڵ رێكخراوە تیرۆریستییەكان؟

:: PM:07:17:18/07/2018 ‌

لە ساڵانی دواییدا بەتایبەتی لەسەردەمی دەركەوتنی هەردوو رێكخراوی تیرۆریستی قاعیدە و داعش، ئەوان توانیان ژمارەیەكی زۆری گەنج و شەڕوانان لەخۆیان كۆ بكەنەوە و سەرەڕای دیاریی چارەنووسیان كە كوژران یان خۆتەقاندنەوە، واتە لەناوچوون بەگشتی، بەڵام سەركەوتوو بوون لە راكێشانی ئەوان بەناوی ئاین و جەنگی رژێمە دوور لەئاین و ستەمكارەكان، بەڵام هۆكاری راستەقینەی چوونی ئەو گەنجانە بۆ ریزی رێكخراوەكان و بۆ ناو باوەشی مەرگی خۆیان چی بوو؟.

ئیدواردۆ مارتێندی بۆسیلۆ، رۆژنامەنووس لە وتارێكی لە رۆژنامەی "لابانجواردیا"ی ئیسپانیایی لەو بارەوە دەڵێت، هەژاری و سەرنەكەوتن لە خۆیەكخستن لەگەڵ كۆمەڵگا، بەتایبەتی بەهۆی نەبوونی رۆشنبیری پێویست تەنیا بەشێك نییە بە پێكهاتەی كەسیی تیرۆریست كە خۆی بە سەربازی خیلافەت دەناسێنێت، بۆیە پاساوی دۆخی كۆمەڵایەتی كە پێوەندیكردنی خەڵك بەریزەكانی مافیا و باندەكانی تاوانی رێكخراو لێك دەداتەوەی، ناتوانرێت لە لێكدانەوەی دیاردەی پێوەندیكردن بەتیرۆر پشتی پێوە ببەسترێت.

لێكۆڵینەوەی سەنتەرەكانی رۆژئاوا لەبارەی نەهێشتنی تیرۆرەوە ئەنجام دراون، ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە بەمەبەستی رووبەڕووبوونەوەی هەر هەڕەشەیەك پێویست بە ئامادەكردن و رەوانەكردنی پەیامێكی قووڵ و پێچەوانەكردنەوەی ئەو راكێشانە فەلسەفییە دەكات كە ئایدۆلۆجیاكانی پاڵپشت بۆ تیرۆر هەیانە یان لەخۆی دەگرن.

خوێندنەوەی بڵاوكراوەكانی هەردوو رێكخراوی داعش و قاعیدە یان سەیركردنی ڤیدیۆی رێكلامەكانیان ئەوە ئاشكرا دەكەن كە كەسانێكی خاوەن توانستی نائاسایی هەن كە كار بۆ رەوانەكردنی پەیامێكی سەرنجراكێش تا ئاستی قەناعەتكردن بە ملیۆنان كەس دەكەن، ئەوەیش ئاماژەیە كە ئەو كارانە هی كەسانێكی بێ رۆشنبیری و دابڕاو نین، بەڵكو بەپێچەوانەوە وەك شرۆڤەكارانی ئەوروپایی لە بواری نەهێشتنی تیرۆر كار دەكەن، دووپاتی دەكەنەوە.  

فیلیپ جۆزێف سالازار، فەیلەسووفی فڕەنسایی بۆ رۆژنامەی "لابانجواردیا" دەڵێت، پێویستە واز لە بەكارهێنانی زمانی هەڵە و سۆزداری لە وەسفكردنی كردەی ئەندامانی گرووپە تیرۆریستییەكان و روونكردنەوەی دەستەواژەكان لەبارەی مەترسی داعشەوە بێنین، ئەو باسی ئەو ئایدۆلۆجیایە دەكات كە پاڵپشتە بۆ گوتاری تیرۆری ئیسلامی.

لە ژیاننامەی زۆرینەی سەرانی تیرۆر لە دنیا دیارە كە زۆرینەیان خاوەن بڕوانامەن، وەك ئوسامە بن لادن كە خوێندنی تایبەتی هەبووە و چوار زمانی زانیوە و محەمەد عەتا ئەنجامدەری هێرشەكەی 11ی سێپتێمبەر ئەندازیار بووە و چەند زمانی زانیوە و ئەبو بەكر بەغدادی دكتۆرای هەیە لە زانستە ئیسلامییەكان و ئەیمەن زەواهیری پزیشكە، جیا لە بوونی چەندان مامۆستای زانكۆ و ئەندازیار و ئەفسەری سەربازی تر لەناو ئەو رێكخراوانە. 

لێكۆڵینەوەكانی هەریەك لە جیتكا مالكۆفا و ئالان كرۆگەر راوێژكاری باراك ئۆیامای سەرۆكی پێشووی ئەمەریكا ئەنجامیان داوە، ئاشكرای دەكەن كە سەرەڕای بوونی پێوەندی لە نێوان هەژاری و تاوانكاری ئاساییدا، بەڵام ئەوە نابێتە هۆی بوون بە تیرۆریست، لێكۆڵینەوەكان ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە رێژەیەكی زۆری تیرۆریستان بۆ چینەكانی ناوەند و دەوڵەمەند دەگەڕێنەوە و ئەوان رەنگە خاوەن ئاستی باڵای فێركردن بن.  

لەو كاتەی حەنان جابلی، رۆژنامەوانی توونسی لە راپۆرتێكیدا ئاماژە دەكات، دەڵێن گەنج ئەو كاتە دەبێتە بێهیوا یان رەنگە تیرۆریست یان پاڵەوان، كاتێك دەروونی خۆی لە هەموو شتێك خاڵی دەكات كە پێوەستن بە خۆشگوزەرانی و خۆشەویستی ژیانەوە، ئەو لێكدانەوەیش دووپاتی ئەو بۆچوونەی كەسانێك دەكاتەوە كە گەنجانی توونس لەوانەی بێكارن و خاوەن بڕوانامەی بەرزن بەتایبەتی، هاوشێوەی بۆمبێكی دانراوەن كە رەنگە لەهەر كاتێك بتەقنەوە بەهۆی ئەو ژیانەی ئەو گەنجانە هەیانە لە بێ پارەیی و بۆشایی دەروونییەوە.  

گەنج لە توونس بەدەست هەڵكشانی زۆری رێژەی بێكارییەوە دەناڵێنن كە بەپێی دوا ئاماری پەیمانگەی نیشتیمانی بۆ ئامار دەگاتە 15.5% و رێژەی بێكاری لە نێوان خاوەن بڕوانامەی باڵاكانیش دەگاتە 29,9%. شارەزایانی دەروونزانی و كۆمەڵناسی دووپاتی دەكەنەوە كە بڵاوبوونەوەی دیاردەی بێكاری بەتایبەتی لەنێوان لاواندا لە دیارترین هۆكاری نائومێدی و رووخانی ئەوانە كە بێزارییە وا دەكات دیاردەی توندوتیژی و توندڕۆیی پەرە بستێنی و گەنجان بەرەو خۆكوشتن و كۆچكردن و چوونە ریزی گرووپە تیرۆریستی و باندە تاوانكارییەكان ببات وەك كاردانەوەیەك لە بەرانبەر خراپیی دۆخی ژیانیان.

ژمارەی داعشە توونسییەكان لە لیبیا دەگاتە 320 تیرۆریست و بەپێی لێكۆڵینەوەی سەنتەری توونس بۆ توێژینەوە 40%ی تیرۆریستانی توونسی خاوەن بڕوانامەی زانكۆیین یان لەو ئاستەن و 33%یان ئاستی خوێندنی ئامادەییان هەیە، سامی قلال، شارەزای دەروونناسی لەو بارەوە دەڵێت، لە میانی قسەكردن لەگەڵ ژمارەیەك گەنجی زیندانی دەركەوتووە كە بێكاری و سەختی خۆیەكخستن لەناو كۆمەڵگا هۆكاری چەندان دیاردەیە لەوانە زیادبوونی ئاستی توندوتیژی و بڵاوبوونەوەی تاوان و پێوەندیكردن بە گرووپە توندڕۆكان.  





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل