شەش لایەنەكە ناتوانن بڕیار لە بەشداریکردن بۆ پێكهێنانی حكوومەت بدەن

:: PM:07:35:18/07/2018 ‌
سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە خوولی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕای گەیاند، تا ئێستە بزووتنەوەی گۆڕان هیچ بڕیارێكی بۆ گفتوگۆكردن لەسەر پێكهێنانی حكوومەتی داهاتووی عێراق نەداوە و پێدەچێ‌ لە داهاتوودا شەش لایەنە ناڕازییەكە پێكەوە بڕیار بدەن.

شەش لایەنی سیاسیی كوردستان كە هەریەكە لە بزووتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی و یەكگرتووی ئیسلامی و بزووتنەوەی ئیسلامی و هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری و حزبی شیوعین، ناڕازیین لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی 12ی ئایاری ڕابردوو بەوهۆیەشەوە بەرەیەكی هاوبەشیان لەناو خۆیاندا پێك هێناوە.

هەرچەندە ئێستە لە عێراق گفتوگۆكان بۆ پێكهێنانی حكوومەتی داهاتوو دەستی پێ كردووە و چەند شاندێكی بەغدا هاتوونەتە هەرێم و ئەمڕۆیش شاندی پارتی و یەكێتی لە بەغدان، بەڵام هێشتا ئەو شەش لایەنە نازانن چ بڕیارێك دەدەن و وەك خۆیان دەڵێن" بەرچاوڕوون نین".

ئەمڕۆ چوارشەم 18ی تەمووز/ یۆلیۆ، ئەمین بەكر سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە خولی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە "وشە"ی ڕاگەیاند، تا ئێستە گۆڕان هیچ بڕیارێكی نەداوە بۆ بەشداری كردن لە گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكوومەتی داهاتووی عێراق و چاوەڕوانی ئەنجامی كۆتای هەڵبژاردنەكان دەكەین.

ڕوونیشی كردەوە، لە ئایندەدا ڕەنگە شەش لایەنەكە پێكەوە بڕیاری هاوبەش بدەن بۆ چۆنیەتی بەشداری كردن لە گفتوگۆكان، چونكە تا ئێستە بەرچاوڕوون نین.

لەبارەی سەردانی شاندی پارتی و یەكێتی بۆ بەغدا بەرپرسەكەی گۆڕان گوتی، ئەوان ئازادن و هیچ قسەیەكمان لەسەر سەردانی ئەوان بۆ بەغدا نییە.

هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە 12ی ئایاری ڕابردوو بەرێوەچوو، پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر ئاستی كوردستان بە جیاوازییەكی زۆر پلەی یەكەمی بە دەست هێنا، ئەوكاتە گۆڕان ڕای گەیاند، بەهۆی ساختەكارییەكانی یەكێتی لە سلێمانی دەنگی كەمی كردووە و تا ئێستەیش پێوەندی ئەو دوو حزبە لە حاڵەتێكی خراپ دایە.




وشە - سه‌رخێڵ هاشم