گوتەبێژ بەناوی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە عێراق رای گەیاند كە پرۆسەی ژماردنەوەی بەدەستی دەنگی وێستگە سكاڵا لێكراوەكان لە پارێزگای نەینەوا تەواو بووە، سەرچاوەیەكیش ئاماژە دەكات كە ئەنجامەكان 100% وەك پێشووە و نەگۆڕاون.
لەیس جەبر، گوتەبێژی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق ئەمڕۆ چوارشەم لە بەیاننامەیەكدا دووپاتی كردەوە، پرۆسەی جیاكردنەوە و ژمارنەوەی بەدەستی دەنگەكانی وێستگە سكاڵا لێكراوەكانی نەینەوا كۆتایی هاتووە و دادوەرانی سەرپەرشتیكار دەگەڕێنەوە بەغدا بۆ تەواوكردنی پرۆسەكە بۆ پارێزگاكانی تر دوای ئەوەی سەرپەرشتیی پرۆسەكەیان لە پارێزگاكانی كەركووك و سلێمانی و هەولێر و دهۆك و نەینەوا كرد و ئەمڕۆ كۆتاییان بەكارەكانیان لە دەرەوەی بەغدا هێنا.
لەو بارەوە سەرچاوەیەك لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان دووپاتی كردەوە كە پرۆسەی جیاكردنەوە و ژماردنەوەی بەدەستی دەنگی وێستگەكانی سكاڵا لێكراو لە پارێزگای نەینەوا هاوشێوەبوونی ئەنجامەكانی بەرێژەی 100% دەرخست، ئەوەیش دوای ژماردنەوەی دەنگی 328 وێستگە و ئەنجامەكانیش بە قەوارە سیاسییەكان دراوەتەوە.
هەر لەو بارەوە سەرچاوەیەك لە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان ئاشكرای كرد كە لە كۆی 340 وێستگەی دەنگدانی سكاڵا لێكراوی پارێزگای ئەنبار كە پرۆسەكە لە بەغدا ئەنجام دەدرێت، ئەمڕۆ ژماردنی بەدەست بۆ دەنگی 160 وێستگە ئەنجام دراوە و ئەنجامەكان وەك ژماردنی ئەلیكترۆنی بوون كە پێشتر راگەندرابوون، ئەوەیش لەكۆی 501 وێستگەی دەنگدان لەو پارێزگایە.