مەلا بەختیار: شیعە و سوننە لەناو خۆیان ڕێك نەكەوتوون
لێپرسراوی دەستەی كارگێری مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رای گەیاند، یەكێتی و پارتی وەرەقەیەكی هاوبەش پێكدەهێنن و هەردوولا واژووی دەكەن.
ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەم 18ی تەمووز/ یۆلیۆ، كۆبوونەوەی سەرۆكی كوتلە سیاسییەكان و فوئاد مەعسووم سەرۆك كۆماری عێراق بەرێوەچوو. دوابەدوای كۆبوونەوەكە مەلا بەختیار لێپرسراوی دەستەی كارگێری مەكتەبی سیاسییی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە بەغدا كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی ئەنجامدا و ڕای گەیاند، لە كۆبوونەوەكەدا باسی بارودۆخی ئێستەی عێراق كراوە.
روونیشی كردەوە كە گفتوگۆ لەبارەی كارەكانی دادگای فیدراڵی بۆ ساغكردنەوەی ئەنجامەكانی بەدەست هەژماركردنەوەی هەڵبژاردن كراوە بۆ ئەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دانیشتنی خۆی بكات و گەورەترین كوتلە بۆ پێكهێنانی حكومەت رابسپێردرێت و حكوومەتی داهاتووی عێراق دروست بكرێت.
مەلا بەختیار ئاشكرای كرد كە نە شیعەكان و نە سوننەكانیش لەناو خۆیاندا رێك نەكەوتوون و زۆرینەیان پێك نەهێناوە، بەڵام لە كوردستان زۆرینە رێككەوتوون.
" پارتی و یەكێتی پڕۆژەی هاوبەشیان هەیە بۆ سەرجەم كوردستان كە ناوچە كوردستانییەكانی ژێر دەسەڵاتی حكوومەتی عیراقیش لەخۆ دەگرێت" مەلا بەختیار لە قسەكانیدا وای گوت.
زانیاری ئەوەیشی دركاند كە لەم هەفتەیەدا یەكێتی و پارتی وەرقەیەكی هاوبەش پێكدەهێنن و هەردوولا واژووی دەكەن.
ئەمڕۆ وەفدێكی یەكێتی و پارتی كە پێكهاتبوو لە فازڵ میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی و مەلا بەختیار لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی و بەشداری كۆبوونەوەی ماڵی سەرۆك كۆماری عیراقیان كرد.
وشە -
سهرخێڵ هاشم