نرخی مریشك زیاتر دابەزی

:: PM:08:29:18/07/2018 ‌
نرخی مریشك دابەزینی زیاتری بەخۆیەوە بینیوە و بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانیش رای دەگەیەنێت، بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما هۆكاری دابەزینی نرخی مریشكە.

ئەمڕۆ چوارشەم 18ی تەمووز/ یۆلیۆ، سۆران غەفوور بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، ساڵانە لەگەڵ بەرزبونەوەی پلەكانی گەرما بەتایبەتی لە مانگی تەمووز كە پلەی گەرما زۆر بەرز دەبێتەوە نرخی مریشك دادەبەزێت، ئەو دابەزینەیش ماوەی مانگێك بەردەوام دەبێت تا ناوەڕاستی مانگی داهاتوو.

زیاتر گوتی، بەهۆی ئەوەی زۆربەی كێڵگەكانی پەلەوەر پێشكەوتوو نین، بۆیە ناتوانن بەرهەمەكانیان بە پێی وەرزەكان گۆڕانكاری تێدا بكەن، بە جۆرێك لە مانگەكانی رابردوو جوجكەیەکی زۆر بەرهەم هێنراوە و ئێستە بەهۆی گەرما بەهەرزان دەیانفرۆشنەوە.

سۆران غەفوور دووپاتی کردەوە، بەهۆی زۆری مریشك و دابەزینی نرخەكەی لە ناوخۆ، ئێستە مریشك رەوانەی ناوچەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەكرێت بۆ ئەوەی خاوەن كێڵگەكان زیانی زۆرتریان بەر نەکەوێت.

نرخی یەك كیلۆ مریشكی زیندوو لە بازاڕدا بۆ خوار دوو هەزار دینار دابەزیووە و پێدەچێت ئەو دابەزینە بەردەوام بێت.

لە سنوری پارێزگای سلێمانی زیاتر لە‌ 700 كێڵگەی پەلەوەری مۆڵەتدار و بێ مۆڵەت هەن و توانای بەرهەم هێنانی نزیكەی نۆ تۆن مریشكیان هەیە لە مانگێكدا.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی





وشە - سه‌رخێڵ هاشم