شارەزایەكی رووسی: ناڕەزایەتییەكانی عێراق مۆركێكی مەترسیداری ئاینی وەردەگرن

:: PM:09:23:18/07/2018 ‌

شرۆڤەكارێكی سیاسی رووسیا ئاماژە دەكات كە سەركەوتنی سەدر لە هەڵبژاردنی دوایی پاڵی بە چەند گرووپێكی سەر بەو نا بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی خۆیان بەسەر گۆڕەپانی شیعە لە عێراق و دووپاتی كردەوە، ناڕەزایەتییەكانی عێراق مۆركێكی مەترسیداری ئاینی وەردەگرن.

ستانیسلاڤ تاراسۆڤ، شرۆڤەكاری سیاسی رووسیایی و شارەزا لە كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ ئاژانسی "سپۆتنیك"ی رووسیایی دەڵێت، چەند گرووپێكی چەكدار لە عێراق هەوڵی دامەزراندنی ناوەندێكی شیعەی تەریب بە ئێران دەدەن.

زیاتر گوتی، دوای سەركەوتنی موقتەدا سەدر لە هەڵبژاردنی دوایی، ئەو كارە پاڵی بە چەند گرووپێكی سەر بەو نا بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی خۆیان بەسەر گۆڕەپانی شیعە لە عێراق لەسەر بنەمای ئەوان خاوەن بیرۆكەی راستەقینەی مەزەوی شیعەن بەپێچەوانەی ئەو بیرۆكەی لە ئێران هەیە.

تاراسۆڤ روونی كردەوە، دوورخستنەوەی بوونی ئەو جۆرە سیناریۆیە ئەستەمە و ئەوەیشی دووپاتی بوونی دەكاتەوە كاردانەوەی مەترسیداری بەغدایە لەبەرانبەر ئەو ئاراستەیە، چونكە ئەو هێزانە ئاراستەیان لەدژی دەسەڵاتی ئێرانە لە عێراق و ئێستە ئەو بیرۆكەیە هەوڵی داپۆشینی پشتێنەی شیعە دەدات و رەنگە بەرەو دەرەوەی سنوورەكانی عێراق درێژ ببێتەوە. 

ئەو شرۆڤەكارە ئاماژەی كرد، ئەگەر ناڕەزایەتییەكانی باشووری عێراق تەنیا پێوەست بن بە چەند داواكاریەكی ئابووری و بێكارییەوە، دەسەڵاتدارانی عێراق خزمەتگوزاری ئینتەرنێتیان نەدەبڕی، ئەوەیش بەو هۆیەی ئەو خۆپێشاندانانە تا ئێستەیش لەبەرگێكی داواكاری ئابووری و كۆمەڵایەتیدان، بەڵام ئەگەر حكوومەت شكستی خوارد لە مامەڵەكردنێكی دروست لەگەڵ داواكارییەكان، پێم وایە ئەو ناڕەزایەتییانە مۆركێكی مەترسیداری ئاینی وەردەگرن.





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل