سەرانی هێزە سیاسییەكانی عێراق لەسەر چەند خاڵێك رێك كەوتن

:: PM:10:22:18/07/2018 ‌

ئێوارەی ئەمڕۆ بەسەرپەرشتیی فوئاد مەعسووم سەرۆك كۆماری عێراق سەرانی هێزە سیاسییەكانی عێراق كۆبوونەوە و ئەوان لەسەر پێنج خاڵ لەبارەی دۆخی ئێستەی وڵات رێك كەوتن.

بەپێی بەیاننامەیەك لەدوای كۆبوونەوەكە هاتە راگەیاندن، بەهۆی پێویستبوون بە یەكخستنی هەوڵەكان لەپێناو گەیشتن بە خۆشگوزەرانی بۆ گەلی عێراق و پاراستنی سیستەمی دیموكراسی و فیدراڵی و سەروەری و یەكپارچەیی وڵات و رێگرتن لە گەڕانەوەی تیرۆر و پەرەپێدانی ئابووری و نەهێشتنی گەندەڵی، ئێوارەی ئەمڕۆ لەسەر بانگهێشتی سەرۆك كۆماری عێراق كۆبوونەوەیەكی فرەوانی هێزە سیاسییەكانی عێراق بەڕێوە چوو.

وەك لە بەیاننامەكەدا هاتووە، لەو كۆبوونەوە گفتوگۆیەكی فرەوان لەبارەی خۆپێشاندانەكانی دوایی و دوایین پەرەسەندنەكانی پرۆسەی سیاسی لەگەڵ نزیكبوونەوەی راگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی ژماردنەوەی بەدەستی دەنگەكان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق كراوە و ئەوان بەوانەی خوارەوە گەیشتوون.

خۆپێشاندانی ئاشتییانە و دابینكردنی خزمەتگوزارییەكان و هەلی كار و باشتركردنی بژێوی مافێكی رەوای گەلە و دەستوور بۆی فەراهەم كردووە، ئەوان پاڵپشتیی خۆیان بۆ حكوومەت و رێوشوێن و بڕیارەكانی بۆ بەجێگەیاندنی داواكاری خەڵكەكە دەربڕی، هاوكات دووپات لە رێزگرتنی یاسا و پاراستنی ئاسایش و رێگرتن لە گێرەشێوێنی و پاڵپشتیكردنی رێوشوێنەكانی هێزە تەناهییەكان گرتوویانەتییە بەر لەدژی ئەوانەی هەوڵی سوودوەرگرتن لە خۆپێشاندانەكان دەكەنەوە.

بەیاننامەكە ئاماژەی كرد كە پێویستە پابەندی تەواو بە دەستوور و بڕیارەكانی دادگای فیدراڵ هەبێت، هەمووان ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردن دوای پەسندكردنی لەلایەن دادگای فیدراڵەوە قبووڵ بكەن و هەمووان بە وادە دەستوورییەكان بۆ پێكهێنانی پەرلەمان و حكوومەت و هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمان و سەرۆك كۆمار بۆ راسپاردنی كاندیدی گەورەترین بارستە بۆ پێكهێنانی حكوومەت پابەند بن.   

هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 12ی ئایاری رابردوو هاتە سازكردن و تا ئێستە ئەنجامی كۆتایی رانەگەیەندراوە و پرۆسەی جیاكردنەوە و ژماردنەوەی بەدەستی دەنگەكان بۆ ئەو سندووقانەی سكاڵایان لەسەرە بەردەوامە، ئەگەرچی چاودێران دەڵێن كە پرۆسەكە تەنیا بۆ رازیكردنی دۆڕاوەكان و سپیكردنەوەی رووی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنە بەوەی تۆمەتەكانی ساختەكاری راست نەبووە، ئەگینا ئەنجامەكان هەر هەمان ئەنجامی پێشوو دەبێت.




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل