هاتنی وەزری گەرما و نزیكبوونەوەی دووپشك و مار لە شوێنی ئاوەدانی، هێزەكانی پێشمەرگەیان لە سەنگەرەكان هەراسان كردووە، شەوانە بەلای كەمەوە پێشمەرگە پێنج دووپشك لەناو دەبەن.
ئەمڕۆ پێنجشەم 19ـی تەمووز/ یۆلیۆ، عەقید عەلی سابیر ئەفسەری پێشمەرگە لە بەرزایییەكانی هەنجیرە بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، لە دوو هەفتەی ڕابردووە و تا ئێستەیش مار و دووپشكێكی زۆر پەیدابوون و ئێمەیان بە تەواوی هەراسان كردووە و ناتوانین لە سەنگەرەكان لە ترسی مار و دووپشك بە ئارامی و ئاسایی بوەستین.
ئەو ئەفسەرەی پێشمەرگە گوتی، بوونی ئەو ژمارە زۆرەی دووپشك زۆر بێزاركەرە، شەوان فانۆسێك و بەتانییەك لە گۆڕەپانەكە دادەنێین و هیچ شەوێك نییە پێنچ دووپشك نەكوژین كە دەچنە ژێر بەتانییەكە.
ساڵی ڕابردوو لەلایەن بەرپرسانی وەزارەتی كشتوكاڵ و وەزارەتی تەندروستی ڕشان بۆ شوێنەكان كراوە، بەڵام ئەمساڵ تا ئێستە بەهیچ شێوەیەك ڕشان بۆ لەناوبردنی مێرووە زیانبەخشەكان نییە، بۆیە داواكارین بەرپرسان ئاگەدار بن، با پێشمەرگە ژیانیان نەكەوێتە مەترسی. عەقید عەلی وای گوت.
دوێنێش بەهۆی پێوەدانی مار لە یەكێك لە سەنگەرەكانی پێشمەرگە، ڕائیدێكی پێشمەرگە گیانی لە دەست دا.
ساڵانە لە مانگی حەوتەوە دووپشك و مار بەهۆی نەمانی شوێنی شێدار ڕوو دەكەنە ئەو شوێنانەی ئاوەدانی لێیە.