گه‌شبیر ئه‌حمه‌د شاعیر و رۆماننووس له دوو ساڵی رابردوودا به نووسینه‌وه‌ى یاداشته‌كانى خۆی له به‌رگى یه‌كه‌مى كتێبى (نزاكانى دایكم)، توانیویه‌تى خوێنه‌ر له خۆى كۆ بكاته‌وه و زۆرترین ژماره‌ى كتێبه‌كه‌شى له‌م دوو ساڵه‌دا بفرۆشێت و سێ جار چاپ و بڵاو بكرێته‌وه. دواتر دوو به‌رهه‌مى تر‌ى بڵاو كردوونه‌ته‌وه به‌ناوى (به‌سه‌ر لێوته‌وه شیعرم و خوێنه‌كه‌ى به‌رپێى سنۆبه‌ر) كه یه‌كیان شیعر و ئه‌وی تر رۆمانه و به تیراژی زۆر چاپ و بڵاو كراونه‌ته‌وه. بۆیه "وشه" ئه‌م دیمانه‌یه‌ی له‌گه‌ڵی رێكخست.
ئایا وه‌ك رۆماننووس و شاعیر، هیچ شێوازێكی تایبه‌ت به نووسینى خۆتت هه‌یه؟
پرۆسه‌ى شیعر به ویستی خۆم نه‌بوو، هه‌ر له سروشته‌وه له مندا هه‌بوو، وه‌ك ئه‌ندامێك له له‌شم. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا من چونكه كوڕه هه‌ژار بووم ئه‌وانه‌ی له ده‌وروبه‌رم به‌رده‌وام بوون هه‌موو بۆنی بارووتیان لێوه ده‌هات، منیش هه‌میشه فرمێسك میوانم بوو، به‌ڵام كه عاشق بووم شیعر فێری كردم چۆن دڵنه‌وایی خۆم بده‌مه‌وه، ئیتر دڵداریی نه‌یهێشت له ئاستی هیچ تاوانێكدا بێده‌نگ بم و له كه‌ناری یۆتۆپیادا به‌دیار كه‌وتم.
هه‌وڵم داوه به‌هه‌موو قۆناغه‌كانی شیعردا تێپه‌ڕم و پریشكی مه‌ره‌كه‌به‌كه‌م به‌ر هه‌موو به‌شه‌كانی ئه‌ده‌ب بكه‌وێ، هه‌ر له شیعری ئازاد تا په‌خشانه شیعر و چوارینه و پێنج خشته‌كی و كلاسیك و تێكستی گۆرانی، بۆیه دیاریكردنى شێوازى نووسینم، سروشتییانه گه‌شه‌ى كردووه.
ئه‌گه‌ر زانیاری یان ئاشنایه‌تیت هه‌بێ به شیعری ئینگلیزی و ئه‌وروپی، چۆن به‌راوردی ده‌كه‌ی له‌گه‌ڵ شیعری كوردی؟
ئاشنایی له‌گه‌ڵ زمانی بیانی ده‌توانێ هه‌گبه‌یه‌كی به‌رده‌وامت بۆ بڕه‌خسێنێ، من زۆر له شاعیره ئه‌وروپایییه‌كان هاوڕێمن، هه‌ندێ جاریش به‌شداریم كردووه له‌گه‌ڵیان، به‌ڵام وه‌ك پێویست نه‌متوانیوه سوود له ئه‌زموونی بیانی وه‌ربگرم. پێم وایه هێشتا كات له به‌رده‌مه بۆ گه‌یشتن به‌و كه‌ناره، بێگومان شیعر به زمانی خۆت خۆشتره بۆ نموونه كه شیعرێك وه‌ر‌ده‌گێڕیته سه‌ر زمانێكی بیانی مانا و جوانییه‌كانی له ده‌ست ده‌دا. ده‌توانم بڵێم ئه‌ده‌بی كوردی گه‌لێك ده‌وڵه‌مه‌نده، به‌ڵام ئه‌ده‌بی ئینگلیزیش ناوداره له دنیادا. بۆ نموونه شكسپیر كه به پاشای ئه‌ده‌ب ده‌ناسرێت له ئینگلیزدا، له سیسته‌می خوێندندا هه‌موو وڵاتان سوودی لێ وه‌رده‌گرن، هه‌تا لای خۆشمان ده‌خوێنرێت و نووسینه‌كانی له كورته چیرۆك و شانۆگه‌ریی و شیعردا به‌رجه‌سته ده‌بنه‌وه.
پێت وایه كورد شیعری تاراوگه‌یی هه‌بێ یان هه‌ر شیعری تاراوگه‌یی خۆی بوونی هه‌بێ؟
له هه‌ر شوێنێ ڕه‌نگی مرۆڤایه‌تی كاڵ بووه‌وه، له‌و شوێنه هه‌ست به نامۆیی ده‌كه‌م، به‌داخه‌وه له كوردستانی ئێمه مرۆڤ وه‌ك پێویست نرخی نییه، كه نامه‌كانی نالی و سالم ده‌خوێنیته‌وه ته‌زوو به له‌شتدا دێت، ئه‌گه‌ر سه‌فه‌ره‌كه‌ی نالی نه‌بووایه بۆ تاراوگه ئه‌و نامانه دروست نه‌ده‌بوون. لێره‌دا ده‌مه‌وێت بڵێم هه‌تا ده‌ستت به ساجی غه‌ریبیدا نه‌چزێت ناتوانی به‌قه‌د دڵۆپێك ئاوی ده‌ریا گوزارشت له تاراوگه بكه‌ی. شیعر له هه‌ر شوێنێ بێ شیعره، به‌ڵام شاعیر كه تووشی غه‌ریبی ده‌بێ، خه‌مه‌كانی زاڵ ده‌بن، ئه‌وه‌ش وا ده‌كات هه‌میشه هه‌گبه‌ی شیعر به‌تاڵ نه‌بێ.
وه‌ك بینیمان شیعره‌كانی تۆ شیعری سه‌ربه‌ستن، ئایا ده‌بێ رۆژێك له رۆژان شێوازی نووسینی شیعری كلاسیكیی بگه‌ڕێته‌وه به‌و پێیه‌ی ئێسته هه‌ندێك خه‌ڵك هه‌ن ده‌ڵێن له‌وه‌ته‌ی شیعر به شێوازی سه‌ربه‌ست ده‌نووسرێ تاموچێژی خۆی له‌ده‌ست داوه، تۆ چی ده‌ڵێی؟
جیهانگیریی و ته‌كنه‌لۆجیا زۆر له به‌ها و ڕه‌سه‌نایه‌تی مرۆڤیان كاڵ كردووه‌ته‌وه، له‌گه‌ڵ گه‌شه‌سه‌ندنی دنیادا زمانی شیعریش گه‌شه‌ی كردووه، بۆ نموونه ئه‌گه‌ر بڕوانینه شیعره‌كانی شێركۆ بێكه‌س له به‌رگی یه‌كه‌می دیوانه‌كه‌یدا كه ئه‌و شیعرانه‌ی تێدایه له ساڵی ١٩٦٥ تا ١٩٧٥ هه‌موووی كلاسیكن، به‌ڵام دواتر په‌خشانه شیعر و چامه ده‌نووسێت، به‌گشتی شیعر به هه‌موو جۆره‌كانیه‌وه جوانه، به‌ڵام هه‌ر كه‌سه و له جۆرێك چێژ وه‌رده‌گرێ.
من بۆ خۆم هه‌وڵم داوه به هه‌موو جۆره‌كانیه‌وه گوزارشت له واتاكانی ژیان بكه‌م، چونكه لای من ئه‌و هه‌ناسه و ئاهانه‌ی ڕۆژانه درێژ ده‌بنه‌وه ده‌مه‌وێ به شیعر گوزارشتی لێ بكه‌م.
وشه/ دیمانه‌ی پێشه‌وا هاشم