فيفا: تەكەنەلۆژیای ڤیدیۆ یەكسانی زیاتری هێنایە نێو تۆپی پێ

:: AM:09:57:19/07/2018 ‌

یەكەتیی تۆپی پێی ناودەوڵەتی (فیفا) ئاشكرای كرد كە تاڕادەیەكی زۆر لە ئاستی ناوبژیوانان لە یارییەكانی مۆندیالی 2018ی رووسیا رازین بەتایبەتیش بەكارهێنانی تەكنەلۆژیای ڤیدیۆ (ڤار) یەكسانییەكی زیاتری خستە ناو یاری تۆپی پێوە.

یەكشەمی رابردوو پاڵەوانیەتیی مۆندیالی 2018ی رووسیا كۆتایی هات و تێیدا هەڵبژاردەی فڕەنسا بووە پاڵەوانی جیهان دوای ئەوەی لە یاریی كۆتاییدا بە ئەنجامی 4-2 گۆڵ لە هەڵبژاردەی كڕواتیای بردەوە.

جیانی ئینڤانتینۆ سەرۆكی یەكەتیی تۆپی پێی ناودەوڵەتی رایگەیاند: وەك بەڵێنماندابوو باشترین مۆندیال لە مێژوودا ئەنجام بدەین، بە كرداریش ئەوەمان ئەنجام دا، ناوبژیوانیش یەكێك بوون لە ئامانجە سەرەكییەكانمان كە ئاستێكی نموونەییان پێشكەش كرد.

سەرۆكی فیفا رایگەیاند: لە كۆی گشتی 64 یاریی پاڵەوانیەتییەكەدا 455 هەڵە تۆمار كرا واتە بە رێژەی 7.1 لە هەر یارییەكدا و ناوبژیوانیش 20 جار تەكنەلۆژیای ڤیدیۆی بەركارهێنا لەنێویشیاندا گۆڵی دووەمی هەڵبژاردەی فڕەنسا لە یاریی كۆتایی بەمشێوەیە تۆمار كرا.

ئینڤانتینیۆ نەشیشاردەوە كە دڵخۆشە بەكارهێنانی تەكنەلۆژیای ڤیدیۆ بووە هۆی جێگەی رەزامەندی یاریزان و راهێنەران و هاندەران و تەنانەت دەزگاكانی راگەیاندنیش.

لە كۆتاییدا سەرۆكی فیفا جەختی كردەوە كە هەوڵ دەدەن لە پاڵەوانیەتییەكانی داهاتوودا تەكنەلۆژیای ڤیدیۆ زیاتر بەرەو پێشەوە ببەن و بەركاری بێنن.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م