14 ملیۆن كه‌س ئینته‌رنێتیان ده‌پچڕێ و قه‌ره‌بوو ناكرێنه‌وه‌


به‌هۆى بڕیارى ڕاگرتنى تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌سه‌ر داوای عێراق، كۆمپانیاكانى خزمه‌تگوزاریى ئینته‌رنێت قازانجێكى زۆر ده‌كه‌ن و هاووڵاتییانیش زیانی گه‌وره‌، جیا له‌وه‌ی بڕیاره‌كه‌ پێشێلكارى مافى مرۆڤه‌، به‌ڵام كه‌س نییه‌ ئه‌و پێشێلكارییه‌ قه‌ره‌بوو بكاته‌وه‌ كه‌ به‌ یاسا دیارى كراوه‌. به‌رپرسانى هه‌رێم داوا ده‌كه‌ن هاووڵاتى سكاڵا تۆمار بكات.

چه‌ند رۆژێكه‌ به‌هۆی ترسی حكوومه‌تی عێراق له‌ كوده‌تا و تووڕه‌یی خۆپێشانده‌ران كه‌ داوای ئاوی پاك و كار و خزمه‌تگوزاری ده‌كه‌ن، حكوومه‌تی عێراق تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌ته‌واوی راگرتووه‌ و هه‌ندێك كات ئینته‌رێتیش راده‌گرێ.

سازان عه‌لى پارێزه‌رى یه‌كێك له‌ هێڵه‌كانى ئینته‌رنێت له‌ كوردستان، ئاشكراى ده‌كات كه‌ به‌پێى ئه‌و گرێبه‌سته‌ى له‌ نێوان به‌شداران و كۆمپانیا هه‌یه‌، پێویسته‌ كۆمپانیا هه‌موو خزمه‌تگوزارییه‌ك بۆ به‌شداربووان دابین بكات و كراوه‌، له‌ ئه‌گه‌رى بڕانی هێڵ یان هه‌ر كێشه‌یه‌كی ته‌كنیكی، ده‌بێت قه‌ره‌بووی به‌كارهێنه‌ر بكرێته‌وه‌.

سازان بۆ "وشه‌" گوتى، ڕاوه‌ستانى خزمه‌تگوزارییه‌كانى ئینته‌رنێت یان تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی، ڕاسته‌ سوودى دارایی زۆر به‌ كۆمپانیا ده‌گه‌یه‌نێت، به‌ڵام له‌ هه‌مانكاتدا له‌گه‌ڵ به‌شدارانمان دووچارى بێ متمانه‌یى ده‌بینه‌وه‌ و بۆ ئێمه‌یش زیانی ده‌بێت.

"له‌ ساڵانى ڕابردوو به‌شدارانمان ملیۆنێك و 100 هه‌زار كه‌س بوون، به‌ڵام بۆ ناوه‌ڕاستى ساڵى 2018 زیاتر له‌ دوو ملیۆن به‌كارهێنه‌رمان هه‌یه‌، ئه‌مه‌ش بوونى متمانه‌یه‌ هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و متمانه‌یه‌ لاواز ده‌بێت به‌ بڕانى یه‌ك خوله‌كى تۆڕى ئینته‌رنێت، به‌ڵام ئه‌مه‌ بڕیارى وه‌زاره‌تى ناوخۆى عێراق بووه‌، بۆیه‌ ئێمه‌ پێیه‌وه‌ پابه‌ند بووین" سازان وای گوت.

لای خۆیه‌وه‌ ئومێد محه‌مه‌د گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندنی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، بۆ "وشه‌" ڕاى گه‌یاند، وه‌ستانی تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ هه‌رێمی كوردستان كاتییه‌ و به‌منزیكانه‌ ده‌ست پێ‌ ده‌كاته‌وه‌. دووپاتیشی كرده‌وه‌، "له‌ پێوه‌ندیداین له‌گه‌ڵ به‌غدا بۆ ئه‌وه‌ی بزانین راگرتنه‌كه‌ تاكه‌ی به‌رده‌وام ده‌بێ".

به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی "وشه‌" له‌سه‌ر داوای حكوومه‌تی عێراق، تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك و تویته‌ر و ئینستانگرام  بۆ ماوه‌یه‌كی كاتی راگیراون و پێوه‌ندیی به‌ خۆپێشاندانی ناوه‌ڕاست و باشووری عێراق هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌و به‌رپرسه‌ى هه‌رێمى كوردستان ئاماده‌ نه‌بوو زانیارى زیاتر بدات.

له‌ به‌رانبه‌ردا عه‌بدول عه‌لى قازى كه‌ریم به‌رپرسى به‌شی یاسایى كۆمپانیاكانى خزمه‌تگوزارى ئینته‌رنێت له‌ وه‌زاره‌تى گواستنه‌وه‌ى عێراق، ئاشكراى ده‌كات كه‌ ئێسته‌ له‌ عێراق زیاتر له‌ 14 ملیۆن به‌شداریى ئینته‌رنێت هه‌یه‌. به‌ڵام ئه‌وه‌ش ده‌خاته‌ ڕوو كه‌ "هه‌رگیز له‌ كاتی بڕان یان وه‌ستانى تۆڕه‌كانى ئینته‌رنێت هیچ كه‌س سكاڵاى تۆمار نه‌كردووه‌".

عه‌بدول بۆ "وشه‌" گوتى، هه‌ر كۆمپانیایه‌ك گرێبه‌ستى هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ هاووڵاتییان، بۆیه‌ هاووڵاتى ده‌توانێت سكاڵا تۆمار بكات له‌سه‌ر سه‌رپێچى خزمه‌تگوزارى یان بڕانى ئینته‌رنێت، به‌ڵام له‌ هه‌موو عێراق تا ئێسته‌ 18 سكاڵا هه‌بووه‌ له‌وه‌ته‌ى عێراقى تازه‌ له‌ 2003 دروست بووه‌ته‌وه‌ و ئینته‌رنێت بوونى هه‌یه‌.

"خراپى تۆڕه‌كانى ئینته‌رنێت و خاوییه‌كه‌ى له‌ ساڵانى ڕابردوو و ئێسته‌یش به‌رده‌وامه‌، عێراق پله‌یه‌كى خراپى گرتووه‌ له‌و رووه‌وه‌، ته‌نیا له‌ چه‌ند وڵاتێكى ناوچه‌كه‌ باشتره‌ ئه‌وانیش لیبیا و نیپاڵ و نێجیریا و ئێران و هیند و پۆلیڤیان، به‌ڵام كه‌س نه‌بووه‌ سكاڵا له‌سه‌ر خاویى تۆڕه‌كانى ئینته‌رنێت تۆمار بكات و داواى باشتر بكات، بۆیه‌ دۆخه‌كه‌ به‌م شێوه‌یه‌ به‌رده‌وامه‌" ئه‌وه‌ به‌گوته‌ى عه‌بدول.

به‌ڵام محه‌مه‌د گۆمه‌شینى گوته‌بێژى ده‌سته‌ى مافى مرۆڤى هه‌رێمى كوردستان، رای ده‌گه‌یه‌نێ كه‌ هاووڵاتى سكاڵا تۆمار بكات له‌ هه‌ر كه‌موكوڕییه‌كى تۆڕه‌كانى ئینته‌رنێت، ئه‌وان سكاڵاكه‌ى ده‌گه‌یه‌نن به‌ شوێنى مه‌به‌ست.

گۆمه‌شینى بۆ "وشه‌" گوتى، بۆ بڕینى تۆڕه‌كانى ئینته‌رنێت ئه‌گه‌ر له‌لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه‌ ده‌گوترێت هه‌رێمى كوردستان جیاوازه‌، ئه‌وا ده‌بێ بزانرێت هه‌رێمى كوردستان به‌گوێره‌ى یاسا له‌ژێر سیاده‌ى عێراقه‌، بۆیه‌ هه‌رێمى كوردستان پێیه‌وه‌ پابه‌ند ده‌بێت.

بڕینى تۆڕه‌كانى ئینته‌رنێت ڕاسته‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان هیچ مه‌ترسییه‌ك نییه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ى هه‌یه‌ ده‌زگه‌ ته‌ناهییه‌كان ده‌زانن ڕه‌نگه‌ مه‌ترسى هه‌بووبێت، بۆیه‌ بڕیویانه‌ یان داوكارى عێراق بووه‌. گۆمه‌شینى واى گوت.

ماوه‌ی ده‌ رۆژه‌ خۆپێشاندان له‌ باشوور و ناوه‌ڕاستی عێراق به‌رده‌وامه‌ و له‌ هه‌ینی رابردووه‌وه‌ ته‌شه‌نه‌ی كردووه‌، به‌ڵام دۆخی ژیان له‌ هه‌رێمی كوردستان ئاساییه‌ و به‌كارهێنه‌رانی ئینته‌رنێت سه‌ریان سوڕماوه‌ له‌وه‌ی، ئه‌مانیش باجی خراپی حكوومه‌تی عێراق ده‌ده‌ن.

ڕێباز سیامه‌ند خاوه‌نی بڕونامه‌ی ماسته‌ر له‌ میدیاى نوێ، ئه‌وه‌ ده‌خاته‌ ڕوو كه‌ به‌گوێره‌ى دواین ئامار كه‌ به‌فه‌رمى له‌ مانگى چوار بۆ ماسته‌ره‌كه‌م له‌ وه‌زاره‌تى گواستنه‌وه‌ى عێراق وه‌رمگرتووه‌، عێراق 13 ملیۆن و 830 هه‌زار و 279 به‌شداریى ئینته‌رنێتی هه‌یه‌. به‌ڵام به‌رپرسه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ی ئاماژه‌ی به‌ 14 ملیۆن به‌كارهێنه‌ری ئینته‌رنێت دا.

ڕێباز بۆ "وشه‌" گوتى، ئینته‌رنێت له‌ عێراق بۆ هیچ هێڵێك كه‌متر نییه‌ له‌ 38 هه‌زار بۆ هه‌ر مانگێكى به‌شداران كه‌ به‌ دۆلار بۆ هه‌ر ڕۆژێك دۆلارێك و 36 سه‌نت دانراوه‌، به‌ بڕینی بۆ 24 سه‌عات زیاتر له‌ 15 ملیۆن دۆلار بۆ خه‌زێنه‌ى ئه‌و كۆمپانیانه‌ ده‌چێت و زیان به‌ هاووڵاتییان ده‌گات.

ئه‌و شاره‌زایه‌ى بوارى میدیاى نوێ ئه‌وه‌یش ده‌ڵێ، بڕینى ئینته‌رنێت به‌گوێره‌ى یاسا كارپێكراوه‌كانى عێراق قه‌ده‌غه‌یه‌ و ته‌نیا له‌ حاڵه‌تى هێرش بۆ سه‌ر وڵات نه‌بێت، بۆیه‌ ئه‌م بڕینه‌ی ئێسته‌ سه‌رپێچى ئه‌و یاسایه‌یه‌ كه‌ له‌ ساڵى 2011 له‌ عێراق ده‌رچووه‌.


وشە - رامیار جەواد


AM:10:04:19/07/2018




ئه‌م بابه‌ته 212 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌