ئێران پەرە بە چالاكییە ئەتۆمییەكانی دەدات

:: AM:10:08:19/07/2018 ‌

ئێران كارگەیەكی بەرهەمهێنانی سانتریفوژی پێشكەوتووی راگەیاند كە بۆ مەبەستی بەرهەمهێنانی چەكی ناوكیی بەكار دێت.

عەلی ئەكبەر ساڵحی بەڕێوەبەری رێكخراوی وزەی ناوكیی ئێران باسی لە تەواوبوونی دامەزراندنی كارگەی "رووتور" كرد كە بۆ سانتریفوژی پێشكەوتوو سوودی لێ وەردەگیرێت.

ئەم هەنگاوەی ئێران دوای ئەوە دێت كە عەلی خامنەیی رێبەری كۆماری ئیسلامی داوای لە حكوومەت كردبوو هەوڵی بەرزكردنەوەی توانای پیتاندنی یورانیۆم بدرێت.

فەرمانەكەی خامنەیی وەڵامیك بوو بۆ سیاسەتەكانی ئەمەریكا، چونكە یەكلایەنە لە رێككەوتنی ناوكیی كشایەوە و هەڕەشەی كرد، كە سزای قورس بەسەر ئێراندا دەسەپێنێت.

ئەوكات رۆژێك دوای فەرمانەكەی خامنەیی بەشێك لەو كارگەیەی لەبەر رێككەوتنی ناوكی چالاكییەكانی وەستێنرابوو، دەستی بە كار كردەوە و كارگەیەكی تریش بە گوتەی میدیاكانی ئێران تا مانگێكی تر دەست بە چالاكییەكانی دەكاتەوە.

بەگوێرەی "ئەلعەرەبیە" چالاكییەكان بۆ پەرەپێدانی سانتریفوژە و رۆژانە دەتوانێت 60 سانتریفوژی IR6 بەرهەم بێنێت كە بنەمان بۆ بەرهەمهێنانی چەكی ناوكیی.

یەكێك لە خاڵەكانی رێككەوتنەكەی نێوان وڵاتانی پێنج كۆ یەك و ئێران لە ساڵی 2015 ئەوە بوو ئێران چالاكییە ناوكییەكانی بوەستێنێت و لە بەرانبەردا ئەوانیش سزاكانی سەر ئێران رادەگرن. ئێستە كە سزاكانی سەر ئێران دەستیان پێ كردووەتەوە، ئێرانیش دەستی بە چالاكی ناوكیی كردووەتەوە.

حكوومەتی ئێران ڕای گەیاند، هەموو ئەو هەنگاوانەیان بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا و وزەیە، بەڵام ئەمەریكا متمانەی بە ئێران نییە و دەڵێت ئامانجی ئێران ئەوەیە چەكی ناوكیی بەرهەم بهێنێت، بۆیە هەرگیز رێی پێ نادات بەو ئارەزووەی بگات.




وشە - سلێمان تاشان