چوار مانگی تر شەقامی 120 مەتری تەواو دەبێت

:: AM:10:49:19/07/2018 ‌
بڕیارە لە كۆتایی ئەمساڵ، شەقامی 120 مەتری هەولێر كارەكانی كۆتایی بێت و ئەو بەشەی كۆمپانیا توركییەكەش جێی هێشتووە، ئەگەری دەست پێكردنەوەی هەیە و چاوەڕوانی خەرجكردنی پارە دەكەن.

ئەمڕۆ پێنجشەم 19ـی تەمووز/ یۆلیۆ، غازی عەلی ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر لە لیژنەی شارەوانی و خزمەتگوزارییەكان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بەشێكی تری شەقامی 120 مەتری هەولێر لە چەند مانگی داهاتوو تەواو دەبێ و دەكرێتەوە.

ئاماژەی دا، سەردانی پڕۆژەكەم كردووە لەگەڵ بەرپرسانی كۆمپانیای جێبەجێكار قسەم كردووە، ئاشكرایان كردووە كە سەرەتای مانگی 12 یان ناگات بە ساڵی نوێ‌ كارەكانی ئەو بەشەی شەقامی 120 مەتری لە شەقامی كۆیە بۆ شەقامی كەركووك تەواو دەبێت.

غازی ئاماژەی دا، ئەو بەشەی شەقامی 120 مەتری لە شەقامی كەركووك تا شەقامی مووسڵ كارەكانی بە نیوە ماوە باس لە گەڕانەوەی كۆمپانیا توركییەكە دەكەن بۆ تەواوكردنی، بەڵام ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ خەرجكردنی پارە كە پارەیان بۆ خەرج بكرێت دەگەڕێنەوە.

شەقامی 120 مەتری هەولێر یەكێكە لە شەقامە گرنگەكانی سنووری شاری هەولێر و جەنجاڵییەكی زۆری لەناو شار و شەقامە سەرەكییەكان هەڵگرتووە، لەماوەی ڕابردوودا دوو بەشی كراوەتەوە و تا ئێستەیش دوو بەشی تری ماوە تەواو ببێت.



وشە - رامیار جەواد