داهاتی یانەی یۆڤانتۆس لە 24 سەعاتی گرێبەستی رۆناڵدۆ

:: AM:11:07:19/07/2018 ‌

یانەی یۆڤانتۆسی ئیتاڵی سەركەوتووبوو لە گرێبەستكردن لەگەڵ باشترین یاریزانی جیهان كریستیانۆ رۆناڵدۆی پورتوگالی بۆ ماوەی 4 ساڵ بە بەهای 112 ملیۆن یۆرۆ و بە مووچەی ساڵانەی 30 ملیۆن یۆرۆ.

ماڵپەڕی (بیزنس ئینسایدەر)ی ئەمەریكی ئاشكرای كرد: یانەی یۆڤانتۆس لە ماوەی 24 سەعاتی گرێبەستەكەی رۆناڵدۆ نزیكەی 520 هەزار درێسی ئەو یاریزانەی فرۆشت كە داهاتەكەی برێتی بوو لە 60 ملیۆن دۆلار.

ماڵپەڕەكە ئاشكراشی كرد كە بەشی هەرە زۆری داهاتی فرۆشی درێسەكەی رۆناڵدۆ دەچێتە هەژماری بانكی كۆمپانیای ئەدیدایسی ئەڵمانییەوە كە سپۆنسەری یانەكە دەكات، بەڵام یانەكە لەو داهاتەدا نزیكەی 9 ملیۆن دۆلاری پێ دەدرێ.

فرۆشتنی درێسی یانەی یۆڤانتۆس بەم رێژە زۆرە بۆتە هۆی بەرزكردنەوەی پشكەكانی یانەكە لە بۆرسەی جیهانیدا كە بەڕێژەی 40% بەرز بۆتەوە.

رۆناڵدۆ لە یەكەم چاوپێكەوتنیدا بە درێسی یانەی یۆڤانتۆس رایگەیاندبوو كە ئاواتەخوازە بتوانێ جێی پەنجەی لە مێژووی یانەكەدا دیاری بكات، پێدەچێ ئەستێرەكەی پێشووی یانەی ریال مەدرید هەر لە سەرەتاوە و بەر لەوەی شوتێك بۆ یانەی یۆڤانتۆس لێ بدات یانەكەی بردە پێگەیەكی ترەوە.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م