ئەرجەنتین لەبارەی رێككەوتن لەگەڵ گواردیۆلا پەیامێك بڵاو دەكاتەوە

:: AM:11:37:19/07/2018 ‌

یەكەتیی تۆپی پێی ئەرجەنتین رەتی كردەوە تا ئێستا گفتوگۆی راستەوخۆی لەگەڵ هیچ راهێنەرێك دەست پێ كردبێت بۆ وەرگرتنی ئەركی راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی وڵاتەكەیان.

یەكەتییەكە لە بەیاننامەیەكی فەرمیدا جەختی كردەوە كە تا ئێستا رێككەوتنی لەگەڵ هیچ راهێنەرێك نەكردووە بۆ پڕكردنەوەی شوێنی خۆرخێ سامپاولی.

جەختیشی كردەوە كە رۆژی 31ی ئەم مانگە كۆبوونەوەیەك لەنێوان ئەندامان ئەنجام دەدەن بۆ دیاریكردنی راهێنەرێك بۆ هەڵبژاردەی ئەرجەنتین.

یەكەتیی تۆپی پێی ئەرجەنتین چەند رۆژێك پێش ئێستا بەفەرمی سامپاولی لە ئەركی راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی وڵاتەكەیان دوورخستەوە بەهۆی دەركردنیان لە قۆناغی 16ی مۆندیالی 2018ی رووسیا.

ئەمە لە كاتێكدایە كە هەڵبژاردەی ئەرجەنتین بۆ هاوینی داهاتوو پاڵەوانیەتیی كوپا ئەمەریكای 2019ی لە پێشە و ئامانجیشی بردنەوەی ناسناوەكەیە.

سەرچاوە رۆژنامەوانییەكان دوێنێ چوارشەم بڵاویان كردبووەوە كە یەكەتیی تۆپی پێی ئەرجەنتین رێككەوتنی لەگەڵ پێپ گواردیۆلای ئیسپانی و راهێنەری یانەی مانچستەر سیتی ئینگلیزی كردووە بۆ وەرگرتنی ئەركی راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین لە جامی كوپا ئەمەریكای 2019 كە بڕیارە هاوینی داهاتوو لە وڵاتی بەڕازیل بێتە ئەنجامدان.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م