ڕووداوێكی هاتوچۆ لەسەر ڕێی هەولێر - كەركووك لە نێوان دوو بارهەڵگر و ئۆتۆمبێلێكی جۆری هیۆندا، مەرگی سێ كەسی لێ كەوتەوە، بەرپرسێكی هاتوچۆش گوتی، تا هێڵكاری بۆ ڕووداوەكە نەكرێت زانیاری لەسەر ڕووداوەكە ئاشكرا ناكرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەم 19ـی تەمووز/ یۆلیۆ، سەركار هەمزە هاووڵاتییەكی نزیك ڕووداوەكە بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بەیانی لەسەر ڕێی هەولێر- كەركووك سێ ئۆتۆمبێل كە دوو بارهەڵگر و ئۆتۆمبێلێكی جۆری هیۆندا بوون پێكیان دادا و قوربانی لێ كەوتەوە.
ئەو هاووڵاتییە زیاتر گوتی، بەهۆی ئەو ڕووداوە سێ هاووڵاتیی سەرنشینی ناو ئۆتۆمبێلە هیۆنداكە گیانیان لە دەست داوە و دوو بارهەڵگرەكە بە تەواوەتی بەسەر هیۆنداكە كەوتوون، بە زەحمەتیش تەرمی سێ سەرنشینەكەی دەرهێنران.
موقەدەم فازڵ حاجی حوسێن بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی هاتوچۆی هەولێر بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، هەر ڕووداوێك ڕوو دەدات تا هێڵكاری بۆ ڕووداوەكە نەكرێت هیچ زانیارییەك لەسەر بڵاو ناكەینەوە.
ئەفسەرەكەی هاتوچۆی هەولێر گوتی، ئەگەر ڕووداوەكە لە سنووری هەولێر بێت، ئەوا پاش چەند سەعاتێك هەموو زانیارییەكان بڵاو دەكەینەوە.
ڕووداوەكانی هاتوچۆ لە هەرێمی كوردستان بووەتە مەترسییەكی ڕاستەقینە لەسەر ژیانی هاووڵاتییان و بەرپرسانی هاتوچۆش هۆكاری زۆری ڕووداوەكان بەهۆی خێرایی لێخوڕینی شوفێران دەگێڕنەوە.