كەمپی مام رەشان لە نزیك شارۆكەی زاخۆ بە هاوكاری رێكخراوی CARE و رێكخراوێكی ئەڵمانی، پڕۆژەیەكی بەرهەمهێنانی كارەبا لە رێی تیشكی خۆر بۆ كەمپەكە جێبەجێ دەكەن و بە گوتەی بەڕێوەبەری كەمپەكە 95% پڕۆژەكە تەواو بووە.
شێرۆ جوقی بەڕێوەبەری كەمپی مام رەشان بە"وشە"ی راگەیاند، كەمپی مام رەشان یەكێكە لە گەورەترین كەمپەكانی هەرێمی كوردستان و پارێزگای دهۆك و زۆرترین ئاوارەی شنگال و دەوروبەری تێدا نیشتەجێ كراوە.
ئەو گوتی هەموو ساڵێك بە تایبەتی لە وەرزی هاویندا كێشە لە بەردەم هاووڵاتییانی ناو كەمپەكە دروست دەبێت و داوای زۆر لەسەر كارەبا هەیە، لەبەر ئەوە رێكخراوی CARE و رێكخراوێكی ئەڵمانی دەستیان بە جێبەجێكردنی پڕۆژەیەكی كارەبای پشتئەستوور بە تیشكی خۆر كرد و 5%ی پڕۆژەكە ماوە تەواو بێت.
پڕۆژەكە دەبێتە جێگرەوە بۆ كارەبای نیشتمانی و وەك بەرپرسەكە خستیەڕوو، رەوشی كارەبای نیشتمانی باش نییە و كارەبای مۆلیدەش هەموو كاتێك نییە و بەم پڕۆژەیەش كێشەی كارەبای كەمپەكە كە رێژەی 80% بنبڕ دەبێت.
پڕۆژەكە پێكدێت لە سەرووی 10 وێستگەی راكێشانی تیشكی خۆر و گۆڕینەوەیان بۆ وزەی كارەبا كە لە تەنیشت كەمپەكە دروست كراون و دەتوانن لەو رۆژانەی كە تیشكی خۆر لە دەرەوەیە كارەبا دابین بكەن.
لە كەمپی مام رەشاندا هەزار و 829 كابینە هەن كە پێكدێن لە هەزار و 681 خێزان و سەرجەم دانیشتووانی ناو كەمپەكەش ئاوارەی شنگال و دەوروبەرن و لە ساڵی 2015ەوە كەمپەكە بنیات نراوە.
زاخۆ /نەوزاد هلۆری