ڕاوێژكارانی ناتۆ له‌ به‌غدا به‌ پاسه‌وان و له‌ كوردستان به‌ ئازادی ده‌سووڕێنه‌وه‌

:: PM:01:34:19/07/2018 ‌

حكوومه‌تی كه‌نه‌دا ئاشكرای كرد، 250 سه‌ربازه‌ مه‌شقپێكه‌ره‌كه‌ پایزی ئه‌مساڵ ڕه‌وانه‌ی عێراق ده‌كات، بۆ پاراستنی گیانی ئه‌و ڕاوێژكارانه‌یش 125 پاسه‌وان و زرێپۆشیان له‌گه‌ڵ ده‌نێرێت، چونكه‌ به‌غدا شارێكی ئارام نییه‌، تا به‌ بێ پاسه‌وان لێی بمێننه‌وه‌.

له‌ 12ی ئه‌م مانگه‌ له‌ میانه‌ی دیداری لووتكه‌ی سه‌رۆكی وڵاتانی هاوپه‌یمانی باكوری ئه‌تڵه‌سی "ناتۆ" بڕیار درا، كه‌نه‌دا ئه‌ركی مه‌شق و ڕاهێنانی هێزه‌كانی عێراق و پێشمه‌رگه‌ بگرێته‌ ئه‌ستۆ، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌یش 250 ڕاوێژكار ده‌نێرێته‌ عێراق.

پێگه‌ی ottawacitizen بڵاوی كردووه‌ته‌وه‌، بۆ ڕوونكردنه‌وه‌ و زانیاری زیاتر له‌ باره‌ی جۆری زرێپۆش و ئه‌و چه‌كانه‌ی هێزه‌كه‌ به‌كاری دێنن، وه‌زاره‌تی به‌رگریی كه‌نه‌دا گوتی، تا ئێسته‌ بڕیاری كۆتایی له‌سه‌ر نه‌دراوه‌، به‌ڵام پێشنیازی ناردنی زڕێپۆشی جۆری TAPV بۆ ئه‌و 125 سه‌ربازه‌ی پاسه‌وانی ڕاوێژكاره‌كان ده‌كه‌ن، دراوه‌. 

ئه‌مجۆره‌ زڕێپۆشه‌ یه‌كێكه‌ له‌ ئۆتۆمبێله‌ سه‌ربازییه‌ پێشكه‌وتووه‌كان، كه‌ له‌ جه‌نگی ناو شار و كۆڵان و شه‌قامه‌كان كه‌ڵكی لێ وه‌رده‌گیرێت، بۆیه‌ ناردنی ئه‌و زڕێپۆش و پاسه‌وانانه‌ بۆ ڕاوێژكاران دراوه‌، تا ژیانیان له‌ناو به‌غدا پارێزراو بێ.

دوای هاتنی داعش كه‌نه‌دا 214 سه‌رباز و ڕاوێژكارانی بۆ كوردستان و عێراق نارد به‌مه‌به‌ستی پشتگیریكردن و پێدانی مه‌شقی سه‌ربازی به‌ پێشمه‌رگه‌، ئێسته‌یش به‌شێك له‌ ڕاوێژكارانی هاوپه‌یمانان له‌ هه‌ولێر ماون و بێ پاسه‌وان و به‌ ئازادی ده‌سووڕێنه‌وه‌، به‌ڵام بۆ به‌غدا ده‌بێ پاسه‌وانیان بۆ دابین بكرێ، چونكه‌ شاره‌كه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ئارام نییه‌.


وشە - په‌یام محه‌مه‌د