مۆنتێنێگرۆ دەبێتە هەڵگیرسێنەری جەنگی سێیەمی جیهانیی

:: PM:02:39:19/07/2018 ‌

مۆنتێنێگرۆ كە هەمووی ماوەی ساڵێك نابێ، بووەتە ئەندامی هاوپەیمانی سەربازیی ناتۆ كێشەی قووڵی لەگەڵ رووسیادا هەیە، بۆیە ئەگەر هەر جۆرە شەڕێك لە نێوان رووسیا و مۆنتێنێگرۆ بێتە كایەوە، ئەوا بەگوێرەی پەیمانی ناتۆ دەبێت ئەمەریكاش بەرگری لێ بكات و لەو كاتەشدا ئەوەی روو دەدات جەنگێكی بچووك نابێت بەڵكو جەنگی سێیەمی جیهانییە.

دۆناڵد ترەمپ لە ئەندامیەتی مۆنتێنێگرۆ لە پەیمانی سەربازیی ناتۆ نیگەرانە و دەڵێت خەڵكەكەی شەڕانی و بەكێشەن و لەوانەیە ببنە هۆی هەڵگیرساندنی جەنگی سێیەمی جیهانیی.

سەرۆكی ئەمەریكا  لە دیمانەیەكی لەگەڵ كەناڵی تەلەڤزیۆنی فۆكس نیوز دووبارە رەخنەی لە وڵاتانی ئەوروپا گرت لەسەر ئەوەی هەندێك یاسا و رێوشوێن دەگرنە بەر دژی سیاسەت و بەرهەمەكانی ئەمەریكا، كەچی ئەمەریكا دەبێت پارەی زیاتر بۆ بەرگریكردن لەم وڵاتانە بدات.

پێشكەشكاری بەرنامەكە پرسیاری ئەوە لە ترەمپ دەكات بۆچی دەبێت كوڕەكەی بۆ بەرگریكردن لە مۆنتێنێگرۆ بەرانبەر رووسیا بوەستێت و ترەمپیش دەڵێت، "بەڵی لە پرسیارەكەت تێ دەگەم و من هەر ئەو پرسیارەم لە كۆبوونەوەی ناتۆش خستووەتەڕوو."  ئەو گوتی مۆنتێنێگرۆ وڵاتێكی بچووكە، بەڵام خەڵكەكەی زۆر بەهێزن و لە هەمان كاتدا شەڕانین و لەوانەیە شەڕانییەكەیان ببێتە هۆی سەرهەڵدانی جەنگی سێیەمی جیهانیی.

ساڵی رابردوو دۆناڵد ترەمپ لە كۆبوونەوەی ناتۆ پاڵێكی بە سەرۆك وەزیرانی مۆنتێنێگرۆ وەنا و ئەمەش لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لێكدانەوەیەكی زۆری بۆ كرا.

مۆنتێنێگرۆ كە كۆمارێكی جیابووەوە لە یۆگسڵاڤیای پێشوو بوو، ساڵی 2006 سەربەخۆیی راگەیاند و ساڵی 2017 بووە ئەندامی ناتۆ.

مۆنتێنێگرۆ رووسیای بەوە تۆمەتبار كردووە كە دەستێوەردانی لە هەڵبژاردنی وڵاتەكەی لە ساڵی  2016 كردووە و كودەتا سەرنەكەوتووەكەی 2016ەش هەر رووسیای لە پشت بووە.

بەگوێرەی "رادیۆ فەردا" دوای قسەكان و منەتەكانی ترەمپ لەسەر ئەوروپا بەرپرسێكی ناتۆ كە نەیویستووە ناوی ئاشكرا بكرێت، باسی لەوە كردووە كاتێك هێرش كرایە سەر تاوەرەكانی ئەمەریكا لە ساڵی 2001 سەربازانی ئەوروپی و كەنەدایی بەرگرییان لە ئەمەریكا كرد و هەزار كەس لە خەڵكی ئەوروپا و كەنەدا لە جەنگی ئەفغانستان كوژراون. ئەو رابردووی بیر ترەمپ هێنایەوە و پێی گوت نابێت منەت لەسەر خەڵكی ئەوروپا بكات و بەردەوام چاكەكانی بەچاویان بداتەوە.

مۆنتێنێگرۆ كەوتووەتە باشووری رۆژئاوای كیشوەری ئەوروپا و پودگوریتسا پایتەختیەتی و كەوتووەتە كەناری دەریای ئادریاتیك. یەكەی دراوی ئەم وڵاتە یۆرۆیە و ژمارەی دانیشتووانی هێندەی نیوەی پارێزگایەكی هەرێمی كوردستان نابێت. بەگوێرەی ئاماری ساڵی 2011 ژمارەی دانیشتووانی ئەو وڵاتە 620 هەزار كەسە.

مۆنتێنێگرۆ بە واتای كێوەرەش دێت و لە سەرەتای سەدەی بیستەم سیستەمەكەی پاشایەتی بوو، بەڵام لە ساڵی 1918 لەگەڵ پاشایەتی سربیا یەكی گرت و لە ریفراندۆمی ساڵی 2006 لێی جیابووەوە و سەربەخۆیی راگەیاند.

لە پێنجی تەمووزی ساڵی رابردوو مۆنتێنێگرۆ بوو بە 29ەمین ئەندامی ناتۆ و پێشتر ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریكا بە 97 دەنگی بەڵێ و سێ دەنگی نەخێر ئەندامیەتی ئەو وڵاتە لە ناتۆی پەسند كردبوو.

لە دوای جەنگی دووەمی جیهانیی هەریەك لە بۆسنە و هرسك، كرواتیا، مەكەدۆنیا، سربیا، سلۆڤنیا و مۆنتێنێگرۆ، كۆماری فیدراڵی یۆگسڵاڤیان پێكهێنا، بەڵام لەگەڵ رووخانی یەكێتی سۆڤیەت ئەم كۆمارانەش لەبەر یەكتر هەڵوەشان. هەڵبەت هەر بە ناوی یۆگۆسڵاڤیا تا ماوەیەك سربیا و مۆنتەنیگرۆ لەگەڵ یەكتر لە ژێر هەمان ناو مانەوە، بەڵام لە 2003 ناوەكەشی نەما.

 مۆنتێنێگرۆ سیستەمەكەی سەرۆكایەتییە و دەستووری ئەو وڵاتە لە ساڵی 2007 نووسراوە. سەرۆك كۆمار سەرۆكی حكوومەتیشە و بۆ قۆناغێكی پێنج ساڵە لە رێی هەڵبژاردنەوە دێتە هەڵبژاردن. 

ناتۆ كورتكراوەی رێكخراوی هاوپەیمانیی ئەتلەنتیكی باكورە و بۆ یەكەم جار لە ساڵی 1949 لە واشنتن دامەزرا. گرنگترین خاڵی هاوپەیمانیەتییەكە مادەی پێنجە و بەگوێرەی ئەو مادەیە، هێرشی سەربازیی بۆ سەر هەر وڵاتێكی ئەندامی ناتۆ بە هێرشی سەربازی بۆ سەر سەرجەم وڵاتانی ئەندامی ناتۆ هەژمار دەكرێت.

هاوپەیمانیی ناتۆ لە قۆناغی جەنگی سارد رۆڵێكی گرینگی بینی لە رووبەڕووبوونەوەی بلۆكی رۆژهەڵات یان كۆمۆنیزم و دوای رووخانی بلۆكی رۆژهەڵاتیش لە كۆتایی دەیەی هەشتا، ئەو هاوپەیمانیەتییە وەك خۆی مایەوە.

لە ساڵی 1999 تا ساڵی 2004، 10 وڵاتی تر كە پێشتر سەر بە هاوپەیمانی سۆسیالیستی بوون هاتنە پاڵ ناتۆوە و ژمارەی ئەندامانی ناتۆ بۆ 26 وڵات بەرز بووەوە، لە 2009 دوو وڵاتی تر چوونە پاڵ ناتۆوە و ساڵی 2017ەش بە هاتنی مۆنتێنێگرۆ بۆ ئەو هاوپەیمانیەتییە سەربازییە ژمارەی ئەندامانی ناتۆ گەیشتە 29 ئەندام.




وشە - سلێمان تاشان