گرنگترین بڕگەكانی یاسای بودجەی 2017ی عێراق

:: PM:05:53:07/12/2016 ‌

پەرلەمانتارێكی عێراق باسی گرنگترین بڕگەكانی ناو یاسای بودجەی 2017ی عێراق دەكات كە لە دانیشتنی ئەمڕۆ چوارشەم دەنگ لەسەر تەواوی مادەكانی درا و دەڵێ كە بودجەیەكی دەستگرتنەوەیە 22%ی بۆ هێزە ئەمنییەكان و كردە سەربازییەكان تەرخان كراوە.

ئیپتیسام هیلالی پەرلەمانتاری هاوپەیمانی نیشتیمانی لەو بارەوە رای گەیاند كە قەبارەی بودجەكە بەگشتی 95 ملیار دۆلاری ئەمەریكاییە بە بڕی كورتهێنانی 20 ملیار دۆلار.

زیاتر گوتی، لەو بڕەدا 22%ی بۆ دەزگە ئەمنییەكان و كردە سەربازییەكان و خەرجییەكانی تەندروستی و فێركردن و ئاوارەكان و پسوولەی خۆراك و پڕۆژەكانی كارەبا تەرخان كراوە. 

هیلالی روونی كردەوە كە بودجەكە بەگشتی دەستگرتنەوە بەسەریدا زاڵە و خەرجییەكان كەم كراونەتەوە و مووچەی فەرمانبەرانیش بەڕێژە بڕدراوە و ژمارەی دیپلۆماتكار و كونسوڵگەكان بەڕێژەی چواریەك كەم كراوەتەوە لەگەڵ راگرتنی دامەزراندن و زیادكردنی باج و گومرگ.

ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی كرد كە خەرجی تەرخانكراو بۆ هێزەكانی حەشدی هۆزەكان بەپێی رێژەی دانیشتوانی پارێزگەكان دەبێت هەروەها بڕگەی پێدانی مۆڵەتی پێنج ساڵ بە فەرمانبەران هەمووار كراوەتەوە و كراوە بە چوار ساڵ بە مووچەی بنەڕەتی كە وەزارەتی بەرگری ناگرێتەوە.

هیلالی ئاماژەی كرد، هەروەها رێككەوتن كرا كە 5%ی نرخی هەر بەرمیلێك نەوت بۆ پارێزگابەرهەمهێنەكانی نەوت بێت لە بری پێنج دۆلار كە نوێنەرانیان داوایان دەكرد و ئەوەش وای كرد كە پەرلەمانتارانی بەسرە دانیشتنەكە جێ بێڵن.

ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق دوای داخستنی دانیشتن بۆ دوای نیوەڕۆ دانیشتنی ژمارە 36ی خۆی ساز كرد بە ئامادەبوونی 186 پەرلەمانتار بۆ تەواوكردنی دەنگدان لەسەر مادەكانی پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق كە تا ئێستە دەنگ لەسەر 50 مادەی درابوو.

لە دانیشتنەكە خاڵە ناكۆكەكان تایبەت بە رێژەی حەشدی هۆزەكانی سوننە و بودجەی پتڕۆدۆلاری پارێزگە بەرهەمهێنەرەكانی نەوت و بودجەی پەرلەمان و ئەنجوومەنی باڵای دادوەری و كۆمیسیۆنی باڵای مافی مرۆڤ چارەسەر كران و دەنگیان لەسەر درا.

سەرچاوە: ئەلمەعلوومە


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل