زانایانی بۆشایی ئاسمان لە ئەوروپا خۆیان ئامادە دەكەن تا كەشتییەك بەرەو هەسارەی عەتارد رەوانە بكەن. بڕیارە دوای سێ مانگی تر كەشتییەكە دەست بە گەشتەكەی بكات.
كەشتی "بی پی كڵەمبۆ" بەرهەمی هاوكاری هەر دوو ئاژانسی ئەوروپا و ژاپۆنە بۆ بواری بۆشایی ئاسمان. ئامانجی گەشتەكەش ئەوەیە نهێنییەكانی بچووكترین و لە هەمان كاتدا نزیكترین هەسارە لە خۆر ئاشكرا بكرێن.
كەمتر لە هەر هەسارەیەكی تر مرۆڤ لە عەتاردی كۆڵیوەتەوە. كەشتییەكە دەیەوێت بزانێت كاریگەریی خۆر لەسەر ئەو هەسارەیە چی بووە و هێزی موگناتیسی لەم هەسارەیە چەندە.
ڕادیۆی دەنگی ئەمەریكا لێدوانی ئەندریا ئێكۆ مانزۆ بەڕێوەبەری پڕۆژەكەی بڵاوكردووەتەوە و دەڵێ، خەریكی راهێنان و ئامادەكارین بۆ بەڕێكردنی كەشتییەكە.
پێشبینی دەكرێت حەوت ساڵی بوێت تا كەشتییەكە دەگاتە خولگەی عەتارد. ئەوەی گەشتەكەی قورس كردووە ئەوەیە پلەی گەرمی لە عەتارد دەگاتە سەرووی 450 پلەی سیلیزی.
تا ئێستە دوو كەشتی رەوانەی عەتارد كراون، یەكەمیان لە ساڵی 1970 كە بە تەنیشت هەسارەكەدا تێپەڕی و ئەوەی تریان كەشتییەكی ئاژانسی بۆشایی ئەمەریكی بوو كە لە ساڵی 2011 گەیشتە هەسارەكە.