ئامێرێك بۆ نەهێشتنی پرخەی خەو

:: PM:03:41:19/07/2018 ‌
زانایانی بەریتانیا توانییان ئامێرێك دابهێنن كە دەتوانێ چارەسەری هەمیشەیی پرخەی خەو بكات، ئامێرەكەیش بریتییە لە لوولەیەكی ڕەق كە درێژییەكەی 15 سانتیمەتر دەبێ و لە كونی لووتەوە دەبرێتە خوارەوە.

ژمارەیەكی زۆری خەڵك لە سەرانسەری دنیا بە دەست گرفتی پرخەی خەوەوە دەناڵێنن و هاوسەر و كەسە نزیكەكانیان بە تەواوی بێزار دەكەن، كاتێك دەخەون، ئەمەیش گرفتێكە و هەمووان هەوڵی وەستاندنی دەدەن، جیا لەوەی پرخەی خەو زۆر جار دەبێتە هۆی دروستبوونی كێشە لە سیستەمی هەناسەداندا.

شارەزایان دووپات لەوە دەكەنەوە، كاتێك هەوا لە لووتەوە دەگاتە سیییەكان و لە قوڕگ پرخەی خەو دروست دەبێ و شتێكی سروشتییە و ناتوانێ كۆنتڕۆڵ بكرێت، ئەمەیش زۆرجار دەبێتە هۆی دروستبوونی برین لە قوڕگی ئەو كەسانەی بە دەست ئەو كێشەیەوە دەناڵێنن.

ڕۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی بڵاوی كردووەتەوە، ئەم ئامێرە تازەیە، هەموو كەسێك دەتوانرێ بۆی دابنرێ و لوولەكەیش لە لووتەوە تا قوڕگ درێژ دەبێتەوە، بەڵام دەبێ لەلایەن پزیشكەوە بە وریایی جێگیر بكرێت.

ئامێرەكە یارمەتیتان دەدا كە بەشێوەیەكی ئاسایی هەناسە بدەن و هیچ پرخە و كێشەیەكی هەناسەدانتان نەبێ لە كاتی خەوتندا، دوای بەرهەمهێنانی ئامێرەكە لەسەر چەندان كەس بە سەركەوتوویی تاقی كراوەتەوە.

ڕۆژنامەكە وردەكاری چۆنیەتیی كاركردنی ئامێرەكە و وەستاندنی پرخەی خەو و باشكردنی پرۆسەی هەناسەدانی نەخستووەتە ڕوو، تەنیا ئەوە نەبێ كە بەو ئامێر بە یەكجاری لە كۆڵ ئەو كێشەیە دەبنەوە.


وشە - باز ئه‌حمه‌د