یەكێتی "ساختەكاری دەكات" و ترسیشی لە ساختەكاری هەیە

:: PM:04:24:19/07/2018 ‌
پەرلەمانتارێكی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان ڕای گەیاند، پێویستە كۆمسیۆن ڕێوشوێنی زیاتر بگرێتە بەر بۆ ئەوەی ساختەكاری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان نەكرێ، ئەمەیش لە كاتێكدایە ئەو حزبە بە ئەنجامدەری ساختەكاری و هاككردنی سیستەمی ئەلیكترۆنی هەڵبژاردنی عێراق تۆمەتبار دەكرێ.

ئەمڕۆ پێنجشەم 19ی تەمووز/ یۆلیۆ، تەلار لەتیف ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، هیچ گرەنتییەك بۆ ئەنجام نەدانی ساختەكاری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا نییە، بەڵام پێویستە كۆمسیۆن ڕێوشوێنی تایبەتی هەبێت بۆ هەڵبژاردنی 30ی ئەیلوولی ئەمساڵ  كە ساختەكاری نەكرێ.

ڕوونیشی كردەوە كە لە كاتی بانگێشتی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و ڕاپرسی بۆ پەرلەمانی كوردستان، ئەوانیش گرەنتییان نەداوە و تەنیا دووپاتیان لەسەر پاككردنەوەی تۆماری دەنگدەران كردووەتەوە.

پەرلەمانتارەكەی كوردستان هێمای بۆ ئەوە كرد كە تۆماری دەنگدەران لە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی لای ئەندامێكیان كە خۆی لە حزبێكی ئۆپۆزسیۆنە و ئەو سوور بوو لەسەر ئەوەی تۆمارەكە پاكە و دواتر لەسەر ئەو بنەمایە ناتوانرێ‌ ساختەكاری بكرێ.

پەرلەمانتارەكەی یەكێتی ڕوونی كردەوە كە پەرلەمان و كۆمسیۆن و ڕێكخراوەكان چاودێری چڕی هەڵبژاردن دەبن، بەڵام كۆمسیۆن دڵنیایی نەداوە كە ساختەكاری ناكرێ جگە لەوەی باسیان لە چاودێری وردی پرۆسەكە كردووە.

بڕیارە لە 30ی ئەیلوولی ئەمساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەرێوە بچێت، كۆمسیۆن و حزبەكان دەستیان بە ئامادەكاری كردووە، بەڵام بەهۆی ئەو ساختەكارییەی لە سنووری سلێمانی لە هەڵبژاردنی 12ی ئایار ئەنجام درا، هێشتا حزبەكان ترسیان لە ساختەكاری هەیە.

قسەكانی ئەو پەرلەمانتارەی یەكێتی ئاماژەی ئەوەیە كە حزبەكە ترسی لە ئەنجامدانی ساختەكاری هەیە، بەڵام لە هەڵبژاردنی 12ی ئایار/مایۆ بە بڕوای گۆڕان و یەكگرتوو و كۆمەڵ و هاوپەیمانی، یەكێتی سیستەمی ئەلیكترۆنی هەڵبژاردنی هاك كردووە و بە ساختە لە سلێمانی و كەركووك دەنگی بۆ خۆی زیاد كردووە.

سەرچاوەیەك لە گۆڕان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، یەكێتی وەكو هەڵبژاردنی پێشوو لە ئێستەوە دەیەوێ لە میدیاكان و بە لێدوانی بەرپرسانی خۆی هەژار و بێدەرەتان نیشان بدات، گوایە ساختەكاریان لە بەرانبەر دەكرێ، بۆیە تا ڕۆژی هەڵبژاردن ئەو دەهۆڵە دەكوتن و ڕۆژی هەڵبژاردنیش گەورەترین ساختەكاری ئەنجام دەدەن.

 




وشە - سه‌رخێڵ هاشم