یەكەم ژنی ڕاپەڕینەكەی پێنجوێن بۆ "وشە" دەدوێت
ئەمڕۆ 38 ساڵ بەسەر ڕاپەڕینی شارۆكەی پێنجوێن تێپەڕی و یەكەم ژنی ڕۆژانی ئەو ڕاپەڕینەیش یادەوەرییەكانی بۆ "وشە" دەگێڕێتەوە.
گەلاوێژ عەلی محەمەد كە یەكەم ژنی بەشداربووی راپەڕینەكەی ساڵی 1980ی پێنجوێن بوو دەڵێت، تەمەنم 23 ساڵ بوو كاتێك دێوانە مەجید كە شوانكارێكی ناوچەی پێنجوێن بوو لە لایەن ڕژێمی لێخراوی بەعس شەهید كرا و بەوهۆیەوە ڕاپەڕین دەستی پێ كرد.
ئەو دەڵێت، لە ڕاپەڕینەكەدا ژن ڕۆڵی سەرەكیان هەبوو، خەڵكمان دەهێنایە دەرەوە و تا سێ شەو و ڕۆژ كراینە زیندانەكان و دواتر بۆ ماوەی شەش مانگ گرتنەكەمان درێژ كرایەوە و ئازارێكی زۆر دراین.
گەلاوێژ محەمەد دووپاتی دەکاتەوە، پێشتر چەند كەسێكی تری ناوچەی پێنجوێن لە لایەن بەعسەوە دەست بەسەر كران، بەڵام هیچی وەك ئەوەی دێوانە كاریگەری نەبوو، خەڵكەكە نەیانتوانی لەوە زیاتر بەرگەی ئەو ستەمەی بەعس بگرن و دەنگیان بەرز كردەوە.
هەر ئەمڕۆ بە بۆنەی ئەو ڕاپەرینەوە رێوڕەسمێك ڕێكخرا و بۆ یەكەمجار كتێبێك لەسەر راپەرڕینەكەی 19ی تەمووزی 1980ی پێنجوێن بڵاو كرایەوە و پێشانگایەكی دەستی و پێشانگایەكەی كتێبیش كرایەوە.
19ی تەمووزی هەموو ساڵێك پێنجوێنییەكان یادی ئەو ڕاپەڕینە بەرز ڕادەگرن و بە چالاكی جۆراوجۆر یادی دەكەنەوە.
پێنجوێن/ رێبین پێنجوێنی
وشە -
سهرخێڵ هاشم