ئاگر لە دووەم گەورەترین پڕۆژەی كارەبای كوردستان كەوتەوە

:: PM:04:54:19/07/2018 ‌
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەم 19ی تەمووز/ یۆلیۆ، ئاگر لە یەكێك لە كۆگاكانی پڕۆژەی هایدرۆپاوەری گەلی رەشاڤە لە شارەدیێ دێرەلووكی سەر بە شارۆكەی ئامێدی كەوتەوە و زیانی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا.

سەرچاوەیەك لە شارەدیێ دێرەلووكی سەر بە شارۆكەی ئامێدی بە "وشە"ی راگەیاند، ئاگر لە پڕۆژەی هایدرۆپاوەری گەلی رەشاڤە لە شارەدیێ دێرەلووكی سەر بە شارۆكەی ئامێدی كەوتووەتەوە و دووكەڵێكی رەشی زۆر بڵاو بووەتەوە.

هاوكات ئیحسان سەنعان لە بنكەی بەرگری شارستانی دێرەلووك بە "وشە"ی راگەیاند، ئاگرەكە لە یەكێك لە كۆگاكانی كۆمپانیای فارابی ئێرانی كە كار لەسەر پڕۆژەی هایدرۆپاوەری گەلی رەشاڤە دەكات كەوتووەتەوە.

زیاتر روونی دەکاتەوە، تیمەكانی بەرگری شارستانی و ئاگركوژێنەوە گەیشتوونە شوێنی رووداوەكە و ئاگرەكە كۆنترۆڵ كراوە، بەڵام زیانی مادی بەر كۆگاكە كەوتووە.

پرۆژەی هایدرۆپاوەری گەلی رەشاڤە بە دووەم گەورەترین پرۆژەی وەبەرهێنانی كارەبا لە هەرێمی كوردستان دادەنرێت كە كارەبا لە ئاو دروست دەكات و پڕۆژەكەیش راستەوخۆ لە لایەن ئاژانسی جایكای ژاپۆنی  دروست دەكرێت و ماوەی چوار ساڵە كاری تێدا دەكرێ‌.

ئامێدی/ نەوزاد هلۆری





وشە - سه‌رخێڵ هاشم