یەكێتی لەسەر دەنگدان بە گۆڕان ئەفسەرانی پێشمەرگە سزا دەدات

:: PM:06:39:19/07/2018 ‌
بزووتنەوەی گۆڕان، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە سزادانی ئەو ئەفسەرانە تۆمەتبار دەكات كە لەناو یەكەكانی 70 و لیواكانی وەزارەتی پێشمەرگەدا رۆڵ دەبینن و دەنگیان بە گۆڕان داوە. بەڵام بەرپرسی باڵای هێزەكانی 70ی یەكێتی دەڵێت "كەس سزا نەدراوە و گۆڕانكاریی لە شوێن و جێی ئەفسەرەكان لەلایەن وەزارەتی پێشمەرگەوە دەكرێ".

سەرچاوەیەكی ناو یەكەكانی 70 كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت، بۆ "وشە"ـی ئەوەی دركاند كە یەكێتی لە ڕێی لیژنەیەكەوە دەستی كردووە بە دۆزینەوەی ئەو ئەفسەرانەی لەناو یەكەكانی 70ی پێشمەرگە و لیواكانی وەزارەتدا دەنگیان بە گۆڕان داوە و پلە و بەرپرسیارێتییان لێ‌ وەردەگرێتەوە.

ئاماژەی بەوەش دا، تا ئێستە نزیكەی 100 ئەفسەر كە گومانی دەنگدان بە گۆڕانیان لێ‌ كراوە، پۆستەكانیان لێ‌ وەرگیراوەتەوە و شوێنی نوێیان بۆ دیاری نەكراوە.

وەزارەتی پێشمەرگە زیاتر لە ساڵێكە بە هاوكاریی هاوپەیمانان سەرقاڵی چاكسازییە لە وەزارەتەكە و یەكێك لە خاڵەكانی چاكسازییەكەیش گۆڕانگارییە لە پۆستەكانی ناو لیوا و یەكەكانی سەر بە وەزارەت.

مەحموود كەریم ئەفسەر بە پلەی عەقید لە لیوای نۆی وەزارەتی پێشمەرگە، بۆ "وشە"ـی ئاشكرا كرد كە ئەو یەكێكە لە سزادراوەكان و تا ئێستەیش چەندان ئەفسەری تریان لەناو وەزارەت و یەكەكانی 70 سزا دراون.

عەقید مەحموود زیاتر گوتی، "ئێمە لە 2015 و هەندێكیشمان لە 2016دا ئەو پۆستانەمان وەرگرتووە، بەڵام ئێستە بەرپرسیارێتیمان لێ‌ وەرگیراوەتەوە و شوێنەكانمان پڕ كراونەتەوە بەبێ‌ ئەوەی ئێمە هیچ بەرپرسیارێتییەكی نوێمان پێ‌ بدرێت".

كاتێك بزووتنەوەی گۆڕان ساڵی 2009 دروست بوو، ژمارەیەكی زۆر لە ئەفسەر و پێشمەرگە و كارمەندانی داودەزگە جیاوازەكان لە سنووری پارێزگای سلێمانی لەلایەن یەكێتییەوە نانبڕاو كران، بەڵام دواتر بە لیژنەیەك سەرجەمیان گەڕانەوە شوێنەكانی خۆیان.

محەمەد عەلی ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان، ئاماژە بەوە دەكات كە ئەمە یەكەمجار نییە یەكێتی ئەو كارە بەرانبەر گۆڕان دەكات و ئەفسەر و دەنگدەرانی نانبڕاو دەكات و سزای سیاسییان دەدات.

عەلی بۆ "وشە" گوتی، "جارێ‌ وردەكاریی پرۆسەكە نازانین چۆنە و قەبارەی سزادانەكە چەندە، بەڵام بێگومان كە هێز و پێشمەرگە لەژێر هەیمەنەی حزبدا بوو، بەردەوام ئەو كارە نایاسایییانە چاوەڕوانكراوە، بۆیە گۆڕان یەكێك لە بەرنامە سەرەكییەكانی بە دامەزراوەییكردنی پێشمەرگە بووە".

بەڵام هێزەكانی 70 و وەزارەتی پێشمەرگەیش، ڕای دەگەیەنن كە هەر گۆڕانكارییەك كرابێت پێوەندی بەو پڕۆژە چاكسازییەی وەزارەتی پێشمەرگەوە هەیە نەك سزادانی سیاسی.

جەعفەر شێخ مستەفا فەرماندەی یەكەی 70ی هێزی پێشمەرگە كە سەربە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە، بە"وشە"ـی راگەیاند، "ئەو زانیارییانە هیچی ڕاست نین و تەنیا ئەوەی هەیە پڕۆژەی گۆڕانكاریی و چاكسازی لە وەزارەتی پێشمەرگەیە و هەر كارێك كرابێت لە چوارچێوەی ئەو پڕۆژەیەدایە نەك سزادان".

جگە لە 14 لیوای سەربە وەزارەتی پێشمەرگە، یەكێتی و پارتی خاوەنی دوو هێزن بە ناوی هێزەكانی 70 و 80 و بەپێی پڕۆژە چاكسازییەكەی وەزارەت، دەبێت ئەو دوو هێزەش یەك بگرنەوە و بخرێنەوە ناو وەزارەتی پێشمەرگە. هەرچەند لە كاتی پێویستی شەڕی تیرۆردا لەژێر فەرمانی وەزارەتی پێشمەرگەدا ئاراستە دەكران.

قارەمان كەمال جێگری دەستەی ئەركان لە وەزارەتی پێشمەرگە بۆ "وشە" باسی لەوە كرد، یەكێك لە خاڵەكانی پڕۆژەی چاكسازیی وەزارەتی پێشمەرگە، ئاڵوگۆڕە لە پۆست و بەرپرسیارێتی ئەفسەرەكانی وەزارەت و یەكەكانی 70 و 80ی پێشمەرگە و ئەو گۆڕانكارییانە ئێستە لە جێبەجێكردندایە.



وشە - تایبه‌ت