فرمێسك وێنەی لەگەڵ ئەو هونەرمەندە بڵاو دەبێتەوە

:: PM:07:12:19/07/2018 ‌
هونەرمەند دیاری قەرەداغی وێنەیەكی لەگەڵ خانمە گۆرانیبێژ فرمێسك بڵاو كردەوە و پیرۆزبای بڵاو كردنەوەی ئەلبوومە نوێیەكەی لێ‌ كردووە.

لە واڵی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئینستاگرام هونەرمەندی كورد دیاری قەرەداغی وێنەیەكی خۆی و فرمێسكی بڵاوكردەوە و پیرۆزبایی بڵاوكردنەوەی ئەلبوومە نوێیەكەی لێ‌ كردووە. دیاری بۆ فرمێسكی نووسیوە، بەهیوای سەركەوتن و بەردەاومی.

"ئارەزووی فڕین" ناوی ئەو ئەلبوومەیە كە فرمێسك بڵاوی كردووەتەوە و لە 12  تراك پێكهاتووە، میلۆدیی زۆرینەی بەرهەمەكان هونەرمەند بورهان موفتی زادە ئامادەی كردوون. چوار میلۆدی هی خۆیەتی، تێكستی گۆرانییەكیش هی مامۆستا هێمنە و بڕیارە لە داهاتوودا فرمێسك كلیپ بۆ ئەو بەرهەمەی بكات.

فرمێسك لە ساڵی 2013ـەوە هیچ  بەرهەمێكی هونەری نوێی نەبووە، هاوكات گۆرانییەكی نوێی بەدەستەوەیە بەناوی "ماسییە ڕەشە بچكۆلانەكە" لە هۆنراوەی رێبوار عەزیز و کە میلۆدی خۆیەتی و حامید موختاری دابەشكردنی موزیكی بۆ كردووە. 

فرمێسك حافزی خەڵكی شاری مهابادە لە رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێستە لە ئەڵمانیا دەژی. زیاتر لە 12 ساڵە دەستی بە هونەری گۆرانی گوتن  كردووە و سیدی و كلیپەكانی بڵاو دەكاتەوە، یەكەم گۆرانیی بەناوی "مەی"ە و كۆتا كاری هونەریشی بڵاوكردنەوەی كلیپی "بێوەفا" بوو.






وشە - سه‌رخێڵ هاشم