كێ لە سەپاندنی سزاكانی ئەمەریكا بۆ سەر ئێران سوودمەندە؟

:: PM:07:20:19/07/2018 ‌

لەوەتەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا لە مانگی ئایاری رابردوو پاشەكشەكردنی وڵاتەكەی لە رێككەوتننی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران راگەیاند، واشنتن دەستی كردووە بە پاڵەپەستۆ خستنە سەر وڵاتانی دنیا بۆ كۆتاهێنان بە هەموو گرێبەستەكانی كڕینی نەوت لە تاران تا 4ی تشرینی دووەمی داهاتوو. 

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا لە 26ی حوزەیرانی رابردوو رای گەیاند كە بەنیاز نییە هیچ لایەن و وڵاتێك لە سزاكانی واشنتن بۆ سەر ئێران ببەخشێت، ئەوەیش دۆخێكی ترسی لە بازاڕی نەوت دروست كرد و وای كرد كە نرخی نەوتی خاو بۆ زیاتر لە 3.5% بەرز بێتەوە.

ئەو بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بەرژەوەندیی وڵاتانی هەناردەكاری نەوتە وەك سعوودیە و رووسیا و عێراق و ئیمارات، بەتایبەتی كاتێك ئەو وڵاتانە پاڵێوراون بۆ ئەوەی شوێنی ئێران بگرنەوە لە بازاڕی نەوت.

ئێران كە سێیەم گەورە بەرهەمهێنەری نەوتە لەناو ئۆپێك، لە مانگی ئایاری رابردوو بڕی 2.7 ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانەی هەناردە كردووە، لەو كاتەی چین نزیكەی 27%ی نەوتی ئێرانی هاوردە كردووە و هیندستانیش 16% و كۆریای باشوور و توركیایش بۆ هەر یەكەیان 10% و ژاپۆنیش 7%. 

لەسەر بنەمای سزاكانی پێشووی سەر ئێران لە ماوەی نێوان 2013-2015 كاتێك هەناردنی نەوتی ئێران بۆ 1.5 بەرمیل نەوتی رۆژانە دابەزی، بۆیە پێشبینی دەكرێت كە قەبارەی نەوتی ئێران رۆژانە ملیۆنێك بەرمیل كەم بێتەوە، ئەوەیش پاڵ بە كڕیارانی نەوتی ئەو وڵاتە دەنێت بۆ گەڕان بەدوای جێگرەوەی بۆ پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییەی دروست بووە و بۆ خۆلادان لە سزاكانی ئەمەریكا بۆ سەریان، بۆیە پێشبینی دەكرێت كە وڵاتانی تری بەرهەمهێنی وەك سعوودیە كورتهێنانەكە پڕ بكەنەوە، ئەوەیش وا دەكات كە قەبارەی بەرهەمهێنانی نەوتیان زیاد بكات.

بەپێی زانیارییەكانی ماڵپەڕی " ITC" بۆ ساڵی 2017 دوای راگەیاندنی هەریەك لە كۆریای باشوور و و ژاپۆن بۆ دەستبەرداربوونی كڕینی نەوتی ئێران، تاران زیاتر لە 11 ملیار دۆلار لە داهاتی ساڵانەی لەدەست دەدات، ئەوەیش وا دەكات تاران خۆی لەبەردەم یەك بژارە ببینێتەوە كە رازیكردنی چینە بە كڕینی بڕی زیاتری نەوتی خاوی ئێران، كە ئەوەیش دەبێتە هۆی دروستبوونی پێوەندییەكی ناهاوسەنگ لە نێوان هەردوو وڵات و ئێران ناچار دەكات بۆ پشتبەستنی زیاتر بە چین، بەوەیش پەكین دەسەڵاتی زیاتری بەسەر ئابووری ئێراندا دەبێت.

لەو ناوەدا ژاپۆن بڕیاری دا بەهەنگاو دەستبەرداری هاوردەكردنی نەوتی خاوی ئێران بێت، بەو پێیەی لە ئۆكتۆبەری داهاتوو بەیەكجاری دەست لە هاوردەكردنی هەڵبگرێت، ئەوەیش بەهۆی جێبەجێبوونی سزاكانی ئەمەریكا بۆ سەر تاران و لەو بارەوە بانكەكانی پێوەندیدار بە كۆمپانیاكانی نەوتی ژاپۆنیان راگەیاندووە كە ئەوان لە مامەڵەكردنی دارایی پێوەست بە نەوتی ئێران بەردەوام نابن. 

وەك شوێنگرەوەی ئێرانیش، ژاپۆن روو دەكاتە هاوردەكردنی نەوتی خاو لە سعوودیە و ئیمارات بۆ پاراستنی كۆمپانیا نەوتییەكانی لە سزاكانی ئەمەریكا، لەو كاتەی بەم دواییە واشنتن كۆمپانیاكانی ژاپۆنی وریا كردەوە بەتایبەتی هەردوو كۆمپانیای "JXTG Holdings" و "Idemitsu Kosan" كە پێویستە ئەوان بەتەواوەتی دەست لە هاوردەكردنی نەوتی ئێران هەڵبگرن.

پێشتر ئەمەریكا هەڕەشەیە لە هەریەك لە رووسیا و وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا و چین كرد بەسەپاندنی سزا بەسەریان لەحاڵەتی بەردەوامیان لە كڕینی نەوتی ئێران، سەرەڕای ئاگەداركردنەوەیان لەلایەن واشنتن بەمەبەستی زیادكردنی پاڵەپەستۆی سەر ئێران.

لەو بارەوە ستیڤن منوچین، وەزیری گەنجینەی ئەمەریكا لە میانەی دانیشتنێكی گوێگرتن بۆ لیژنەی خزمەتگوزارییە داراییەكان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریكا گوتی، نیازی سزادانمان بۆ مسۆگەری جێبەجێكردنی سزاكان بۆ سەر نەوتی ئێران هەموو لایەنەكان دەگرێتەوە و دووپاتی كردەوە كە دەمەوێ دووبارەی بكەمەوە كە لەوەی پێوەندیدارە بە نەوتی ئێران، ئێمە سزا بەسەر هەموو لایەنەكان دەسەپێنین، جا چین یان رووسیا یان ئەوروپا و هەر لایەنێكی تر بێت.  

ئەو هەڕەشەی ئەمەریكا لە چوارچێوەی هەوڵەكان دێت بۆ توندكردنی سزاكانی سەر ئێران كە ئیدارەی ئێستەی ئەمەریكا بە هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی چەكی ئەتۆمی و شێواندنی سەقامگیریی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە رێگەی پاڵپشتیكردنی تیرۆر و دەستوەردان لە كاروباری وڵاتانی تر تۆمەتباری دەكات.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا لە 8ی ئایاری رابردوو پاشەكشەكردنی وڵاتەكەی لە رێككەوتننی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران راگەیاند كە لە 2015 لەسەردەمی باراك ئۆبامای سەرۆكی پێشووی ئەمەریكا لە نێوان ئێران و گرووپی (5+1) هاتە واژووكردن و باس لە هەڵوەشاندنەوی سزاكانی سەر ئێران دەكەن بەهۆی پڕۆگرامە ئەتۆمییەكەیەوە لەبەرانبەر سنوورداركردنی ئەو پڕۆگرامە لەلایەن ئێرانەوە.





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل