بەغدا لە دەرگای كوردستان دەداتەوە و ناتوانێ بەسەر تەنگژەكان زاڵ بێ

:: PM:07:21:19/07/2018 ‌
چاودێرێكی سیاسی شیكردنەوە بۆ دۆخی عێراق و ڕۆڵی كوردستان لەو ناوەندە دەكات و گوتی، كوردستان دەتوانێ‌ كاریگەری گەورەی هەبێ‌ لە چارەسەركردنی كێشەكانی بەغدا و ڕای گەیاند، بۆ چارەسەری تەنگژەكان لە بەغدا شیعە و سوننە كاریان بە كورد هەیە.

ئێستە حوكمڕانی لە بەغدا ڕۆژە سەختەكانی بەڕێ‌ دەكات لە چەندان شار و شارۆكەی عێراق خۆپێشاندانی فراوانی هاووڵاتییان دەستی پێ كردووە، بەڵام هێشتە كورد بەرچاو ڕوون نییە لەوەی كە چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو دۆخە بكات كە لە بەغدا هاتووەتە ئاراوە.

ئەمڕۆ پێنجشەم 19ی تەمووز/ یۆلیۆ، د. ساڵح مەلا عومەر مامۆستای زانكۆ و چاودێری سیاسیی بۆ "وشە" گوتی، عێراق ئێستە لە تەنگژەیەكی گەورەدایە كە سەرباری خۆپێشاندانەكان، بەغدا كەوتووەتە بۆشایییەكی گەورەی یاسایی و پەرلەمان نەماوە و حكوومەت ماوەكەی بەسەرچووە، لەگەڵ ئەوەیشدا هێشتا ئەنجامەكانی هەڵبژاردن بە تەواوی پەسەند نەكراوە، هەموو ئەوانە وای كردووە كە دۆخی سیاسیی و تەناهیی لە عێراق بشێوێ.

ڕوونی كردەوە، ئەوەی ڕوو دەدات دەرخەری ئەوەیە كە شیعە ناتوانێ‌ بەشێوەیەكی دیموكراسییانە حوكمڕانی عێراق بكات و هەموو ئەو دۆخەیش كە هەیە لە بەغدا كاریگەری لەسەر كوردستان دروست دەكات بە نموونەی دروستبوونی داعش لە بەغدا و كاریگەرییەكانی لەسەر كوردستان لە ڕابردوودا.

مامۆستاكەی زانكۆ بڕوای وابوو ئەو دۆخەی هەیە بە پلەی یەكەم بە زیانی شیعە دەشكێتەوە، بەهۆی ئەوەی ئەوان زۆرینەن لە عێراق و دواتر كاریگەری لەسەر سوننە و كورد دەبێت.

لەبارەی مامەڵەكردنی كوردستان لەگەڵ ئەو دۆخەی لە عێراق دروست بووە د. ساڵح مەلا عومەر گوتی، پێویستە كورد لە هیچ قۆناغێكدا لە نێوان شیعە و سوننە نەبێتە لایەنگیر، چونكە ئەوە كێشەی بەغدایە و دەبێت خۆیشی چارەسەری بكات.

لە بەشێكی تری قسەكانیدا ئەو مامۆستایەی زانكۆ گوتی، كوردستان دەتوانێ‌ كاریگەری گەورەی لە چارەسەركردنی كێشەكان لە بەغدا هەبێت، بەتایبەت ئێستە كە شیعە لەناماڵی خۆیاندا شەڕی وەرگرتنی دەسەڵاتیان دەست پێ كردووە.

ئاماژەی دا، بۆ ئەوەی بەغدا لەو تەنگژەیە ڕزگار بكەن، شیعە و سوننە پێویستیان بە كورد هەیە، چونكە كوردستان سەقامگیری سیاسیی و تەناهیی تێدا جێگیر كراوە. پێشی وابوو ئەو كێشانەی لە بەغدا هەن ئەنجامی عەقڵی حوكمڕانی چەند ساڵی شیعەیە.

لەسەر ناڕەزایی و خۆپێشاندانەكانی بەغدا تا ئێستە كورد هیچ هەڵوێستێكی ئاشكرای نەبووە، جگە لە لێدوانی بەرپرسانی پارتی و یەكێتی كە باس لەوە دەكەن، پێویستە مافەكانی هاووڵاتییان لە عێراق دابین بكرێت.

خۆپێشاندانەكان هاوكاتە لەگەڵ پرسی پێكهێنانی حكوومەتی داهاتووی عێراق كە ئێستە شاندێكی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە بەغدان. دوێنێش مەلا بەختیار لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی گوتی، هێشتا شیعە و سوننە لەناو خۆیاندا زۆرینەیان پێك نەهێناوە، بەڵام لە كوردستان زۆرینە پێكهاتووە. كە بەقسەی چاودێرە سیاسییەكە ئەو قسەیەیش بەڵگەیەكی ترە لەسەر ئەوەی كورد بە ئاسانی لەناوخۆ دەتوانێ ڕێك بكەوێت و پێش لایەنەكانی بەغدا بكەوێتەوە.

ئەوە لەكاتێكدایە كە خۆپێشاندانی پارێزگاكانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق پێی نایە رۆژی یازدەیەمی و بەردەوامی هەیە، هاوشانی بەكارهێنانی هێز  بۆ بڵاوە پێكردنیان و هەڵمەتێكی بەرفراوانی گرتنی چالاكان و سەرپەرشتیارانی خۆپێشاندەران كە تا ئێستە بە سەتانیان لێ گیراوە و بە سەتانیش بە فیشەكی هێزە تەناهییە هاوبەشەكانی عێراقی بریندار بوونە و بە دەیانیش كوژراون.

 حكوومەتی عەبادی لە بڕی هەنگاونان بۆ چارەسەری بنەڕەتی كێشەكە و دابینكردنی كارەبا و ئاوی خواردنەوە و هەلی كار، بەڵێنی هەنگوینی بە خۆپێشاندەران دەدات، بەڵام هەنگوینەكەیان ناداتێ و ئینتەرنێتیشیان لەسەر دەبڕێت.

هاوكات خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی عێراقییەكان لە نەبوونی كارەبا و ئاوی خواردنەوە و خزمەتگوزارییە سەرەتایییەكان و بێكاری، بڕینی ئینتەرنێت و بەكارهێنانی تۆڕەكانی كۆمەڵایەتیشی هاتەسەر كە لە عێراق زیاتر لە 14 ملیۆن بەكارهێنەری هەیە.




وشە - سه‌رخێڵ هاشم