نوێنەری پووتین پەیامەکەی ترەمپی گەیاندە تاران

:: PM:08:06:19/07/2018 ‌
نوێنەری تایبەتی سەرۆک کۆماری رووسیا بۆ گەیاندنی پەیامی کۆبوونەوەکەی پووتین و ترەمپ لە هیلسنکی گەیشتە تاران و لەگەڵ بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران کۆبوویەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەم 19ی تەمووز/یۆلیۆ ئەلکسانده‌ر لاڤرنتیف، نوێنەری تایبەتی ڤلادیمیر پووتین، سەرۆک کۆماری رووسیا گەیشتە تاران و لەگەڵ سەعید ئیروانی، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران کۆبوویەوە.

میدیاکانی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران ئامانجی سەردانەکەی ئەلکسانده‌ریان بە گەیاندنی پەیام و وردەکارییەکانی کۆبوونەوەی 17ی تەمووزی پووتین و ترەمپ لە هیلسنکی وەسف کرد.

فارسنیوزی سەر بە سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران بەبێ پشتبەستن بە هیچ سەرچاوەیەکی فەرمی رای گەیاندووە، لەو کۆبوونەوەیەدا پووتین پێداگری کردووە لەسەر بەردەوامبوونی هاوکارییە سەربازییەکانی رووسیا لەگەڵ ئێران لەناو خاکی سووریادا و ماڵپەڕی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێرانیش رای گەیاندووە، نێردەی پووتین بە تارانی گوتووە کە ئێران لە دانوستاندنەکانی گەرانەوەی ئاشتی بۆ سووریا دوور ناخرێتەوە.

ڤلادیمیر پووتین و دۆناڵد ترەمپ رۆژی سێشەم 17ی تەمووز بۆ جاری یەکەم بە شێوەی فەرمی لە هێلسنکی، پایتەختی فینلەندا کۆبوونەوە و یەک لە تەوەرە سەرەکییەکانی ئەو کۆبوونەوەیە گفتوگۆکردن بوو لەبارەی دۆخی سووریا.

دوای کۆتایی هاتنی کۆبوونەوەکە هەردوو سەرۆکی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و رووسیا کۆنفرانسێکی میدیایی هاوبەشیان بەست و رایان گەیاند، لە ئایندەیەکی نزیکدا هەردوو وڵات هاوکاری سەربازی یەکتر دەکەن لەناو خاکی سووریادا.

ترەمپ لەو کۆنفرانسەدا هێرشی کردە سەر کۆماری ئیسلامی ئێران و گوتی، تاران نابێ کەڵک لە سەرکەوتنەکانی داعش لە سووریا وەربگرێت و دوابەدوای ئەو گوتەیە پووتین ئاماژەی دا، ئەمەریکا و رووسیا ئەرکی ئەوەیان کەوتووەتە سەر شان بۆ جارێکیتر ئاشتی و ئارامی بگەرێننەوە سووریا.

ئاژانسی هەواڵی تەسنیم، سەر بە سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران سەردانی نوێنەری پووتینی بۆ دووپاتکردنەوەی بەردەوامی هاوکارییە سیاسی و تەناهییەکانی مۆسکۆ لەگەڵ تاران وەسف کردووە و دەنووسێت، هیچ گۆڕانێک لە سیاسەتی رووسیا بەرانبەر هاوکارییەکانی لەگەڵ تاران رووی نەداوە و تا ئەوکاتەی ئارامی بە تەواوەتی دەگەڕێتەوە سووریا، رووسیا و ئێران هاوکاری یەکتر دەبن.

ئەو راپۆرتەی ئاژانسی تەسنیم لەکاتێکدایە دوابەدوای کۆبوونەوەی پووتین و ترەمپ وەزارەتی بەرگری رووسیا ئامادەکارییەکانی خۆی بۆ هاوکاری کردنی سەربازی لەگەڵ سوپای ئەمەریکا راگەیاند و لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا ئاشکرای کرد، سوپای رووسیا ئامادەی کاری سەربازی هاوبەشە لەگەڵ وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و ئەو ئامادەییەش بەپێی رێکكەوتنی سەرۆکی هەردوو وڵات لە هێلسنکی رێک خراوە.

لە بەیاننامەکەی وەزارەتی بەرگری رووسیادا ئاماژە دراوە، سوپای رووسیا ئامادەیە لەگەڵ سوپای ئەمەریکا لەناو خاکی سووریادا هاوکاری سەربازی بکات، بە ئامانجی پیادەکردنی رێکكەوتنەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و ڤلادیمیر پووتین، سەرۆک کۆماری رووسیا لە هێلسنکی.

"سەرکردە سەربازییەکانی رووسیا ئامادەن لەگەڵ سەرکردە سەربازییەکانی سوپای ئەمەریکا لەبارەی هاوکارییەکانیان لە سووریا گفتوگۆ بکەن و ئەوەیش ببێتە هەوێنێک بۆ زیاتر لەیەک نزیکبوونەوە و هاوکاری کردن لە داهاتوویەکی نزیکدا" لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی بەرگری رووسیادا وا نووسراوە.

بەڵام یەک لەو خاڵانەی لە کۆبوونەوەکەی نێوان پووتین و ترەمپدا گفتوگۆی لەسەر کراوە، بابەتی هاتنەدەری ئەمەریکا لە رێکەوتنە ئەتۆمییەکەی ئێران و وڵاتانی 5+1ە و دوابەدوای کۆنفرانسە هاوبەسەکەیان ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ فاکسنیوز ئاشکرای کرد کە رووسیا پشتیوانی لە رێکەوتنە ناوکییەکە دەکات، لەبەر ئەوەی رێکكەوتنەکە لە بەرژەوەندی مۆسکۆیە.

نوێنەری پووتین لە تاران بە جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێرانی راگەیاند، مۆسکۆ پابەندی سەرجەم رێكکەوتنە نێودەوڵەتییەکانە و بەبێ ئەوەی ئاماژە بە ئەمەریکا بدات، هاتنەدەری یەکلایەنەی وڵاتێک لە رێکەوتنێکی نێودەوڵەتی بە کردارێکی نا یاسایی ناو برد.

چاودێرێکی سیاسیی بە دویچەوێلەی راگەیاندووە، ئەو لێدوانانەی نێردەی پووتین لە تاران زۆر جیاوازە لە رەفتارەکانی مۆسکۆ لەدوای کۆبوونەوەی 17ی تەمووزی هیلسنکی و پێدە چێت رووسیا بیهەوێت بە هەڵوێستە سیاسییەکانی بەرانبەر سووریا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بچێتەوە و جارێکیتر بەرژەوەندییەکانی لەو پێوەندییەدا رێک بخاتەوە.

لە راپۆرتەکەی دویچەوێلەدا هاتووە، بەر لە کۆبوونەوەکەی ترەمپ و پووتین، عەلی شەمخانی راوێژکاری باڵای خامنەیی بۆ کاروباری نێودەوڵەتی سەردانی رووسیای کردووە و پەیامی عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی بە پووتین داوە بۆ ئەوەی لە کۆبوونەوەکەی لەگەڵ ترەمپدا بە واشنتنی بگەیەنێت.

زیاتر روون کراوەتەوە، پێدەچێت مەبەستی سەردانی نوێنەری پووتین زیاتر بە ئامانجی گەیاندنەوەی وەڵامی واشنتن بێت بە داواکارییەکەی عەلی خامنەیی. هەرچەند پێشتر گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە 17 تەمووز رەتی کردەوە کە تاران هیچ پەیام یا داواکارییەکی بۆ ئەمەریکا ناردبێت.

سەرچاوەکان/ زەمانە- تەسنیم- دویچەوێلە



وشە - هیدایه‌ت جان