نارەزایەتییەكان كێشە بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق دروست دەكەن

:: PM:09:09:19/07/2018 ‌

دوای بەردەوامیی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەكان لە باشوور و ناوەڕاستی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەم موقتەدا سەدر داوای هەڵپەساردنی گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراقی كرد تا كاتی جێبەجێكردنی داواكاری خۆپێشاندەران، لەو كاتەی خەریكە ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردن دێتە راگەیاندن، وڵاتەكە دەچێتە ناو تەنگژەیەكی تر بەهۆی تانەدان لەو ئەنجامە نوێیانەی هەڵبژاردنەكە.

هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 12ی ئایاری رابردوو هاتە سازكردن و دوای راگەیاندنی ئەنجامی جیاكردنەوە و ژماردنی ئەلیكترۆنی دەنگەكان، بەشی زۆری پارت و كەسایەتییە دۆڕاوەكان تانەیان لە ئەنجامەكان دا و پرۆسەكەیان بەساختەكاری تۆمەتبار كرد، ئەوەیش وای كرد كە پەنا بۆ جیاكردنەوە و ژمارنەوەی بەدەستی دەنگی ئەو وێستگانەی كە سكاڵایان لەسەرە ببرێت، بەڵام بەهۆی دەرنەكەوتنی هیچ جیاوازییەك لە ئەنجامەكان لایەنە ناڕازییەكان خۆیان بۆ تانەدان لەو ئەنجامانە ئامادە كردووە كە بڕیارە بێتە راگەیاندن، ئەوەیش دۆخەكە ئاڵۆزتر دەكات. 

سەدر لە تویتێك لە تۆڕی كۆمەڵایەتی "تویتەر" نووسویەتی پێویستە فراكسیۆنە براوەكان لە هەڵبژاردنی ئێستە هەموو گفتوگۆ سیاسییەكان بەمەبەستی پێكهێنانی هاوپەیمانیەتی و هیتریش هەڵپەسێرن تا كاتی جێبەجێكردنی تەواوی داواكاری رەوای خۆپێشاندەران، هاوكات داوای پێكهێنانی خانەیەكی كاركردنی رژدی لەگەڵ حكوومەت كرد بە هاوئاهەنگی لەگەڵ خۆپێشاندەران بۆ جێبەجێكردنی داواكارییەكانیان.

نیوەڕۆی ئەمڕۆ سەدر لە نەجەف چاوی بە یان كۆبیچ، نوێنەری تایبەتی ئەمنیداری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان كەوت و باسی خۆپێشاندانەكانی دوایی پارێزگاكانی باشووری و ناوەڕاستی عێراق و پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراقیان كرد، ئەوەیش لەو كاتەی بەشێك لە هێزە سیاسییەكان بەرەو تانەدان لە ئەنجامی جیاكردنەوە و ژماردنەوەی بەدەستی دەنگەكان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەچن كە لە 12ی ئایاری رابردوو هاتە سازكردن و تا ئێستە ئەنجامەكانی كۆتایی رانەگەندراوە.

سەرچاوەیەكی سیاسی ئاگەدار لەوبارەوە بە "عەرەبی ئەلجەدید"ی راگەیاندووە، كۆبوونەوەی دوێنێی فوئاد مەعسووم سەرۆك كۆماری عێراق لەگەڵ سەرانی هێزە سیاسییەكان گەرەنتی لەلایەن ئەو هێزانە تیادا نەبوو بە رازیبوون بە ئەنجامی جیاكردنەوە و ژماردنەوەی بەدەستی دەنگەكان و روونی كردەوە، هەردوو هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بەسەرۆكایەتیی نووری مالیكی و فەتح بەسەرۆكایەتیی هادی عامری خۆیان بۆ تانەدان لە ئەنجامی پرۆسەكە لە ژمارەیەك پارێزگا ئامادە كردووە لەوانە لە كەركووك.

روونی كردەوە، هەردوو هاوپەیمانی پشتیان بەژمارەیەك راوێژكاری یاسایی بەستووە بۆ تانەدان لە پرۆسەكە، ئەوەش دوای دەركەوتنی هاوشێوەیی ئەنجامی هەردوو ژماردنی بەدەست و ئەلیكترۆنی لە زۆرینەی پارێزگاكان و روونی كردەوە، ئەو نیازەی ئەوانیش دەرگا لەبەرەدەم تەنگژەیەكی نوێ دەكاتەوە و پرۆسەی پێكهێنانی حكوومەت پەك دەخات. 

چەند بەرپرسێكی عێراقی باسی هاوشێویەكی تەواوی ئەنجامەكانی ژماردنی دەنگەكانیان بەدەست و بەئەلیكترۆنی كرد بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و دووپاتیان كردەوە كە ئەو گۆڕانكارییە كەمەی هەیشە كار ناكاتە سەر قەبارەی هاوپەیمانیەتییە سیاسییەكان، لەو كاتەی هەمووان چاویان لە چارەسەری سیاسییە بۆ تێپەڕاندنی تەنگژەی هەڵبژاردن.

حەبیب تەرفی، سەرۆكی فراكسیۆنی حیكمە لەو بارەوە دەڵێت، پرۆسەی جیاكردنەوە و ژماردنەوەی بەدەستی دەنگەكان گۆڕانكاری لە ئەنجامەكان لە شەش پارێزگا بەدیار دەخەن و دوای راگەیاندنی ئەنجامی كۆتاییش 15 رۆژ بۆ تانەدان بوار هەیە، بەڵام دووبارە تانەدانەوە لەدوای تانەكانی پێشوو و بڕیاری دادگای فیدراڵ بە دووبارە ژماردنەوەی دەنگەكان نابێت، بۆیە ناكرێت جارێكی تر تانە لە ئەنجامەكان بدرێت، ئەو پێشبینی كرد كە سازانی سیاسی لە نێوان هێزەكان بەسەر تانەدان زاڵ بێت. 

لەو كاتەی یاساناسێك دەڵێ كە دەكرێت دیسان تانە لە ئەنجامی جیاكردنەوە و ژماردنەوەی بەدەستی دەنگەكان بدرێت، ئەحمەد بدێری، شارەزای یاسایی و دەستووری دەڵێت، دەكرێت هێزە ناڕازییەكان تانە لە ئەنجامی كۆتایی جیاكردنەوە و ژماردنەوەی بەدەستی دەنگەكان بدەن، چونكە هیچ دەقێكی یاسایی نییە رێگر بێت لە دووبارە تانەدانەوە و روونی كردەوە، یاسای عێراق لێكدانەوەی زۆری بۆ هەیە و زۆرینەی بڕگەكانیشی یەكلاكەرەوە نین.

ئاماژەی كرد، تانەی نوێ لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكان وڵات دەخاتە ناو تەنگژەیەكی نوێ كە كاریگەرییەكانی بۆ سەر دۆخی سیاسی و پێكهێنانی حكوومەت روونن، بۆیە بەرپرسان وریایی لە مەترسیداری رازی نەبوونی بەشێك لە هێزەكان بە ئەنجامی جیاكردنەوە و ژماردنەوەی بەدەستی دەنگەكان دەدەن كە تەنگژەیەكی نوێ دروست دەكەن و پێكهێنانی حكوومەتی نوێ پەك دەخەن. 

ئەمڕۆ كۆمسیۆنی باڵای مافی مرۆڤ لە عێراق ئامارێكی فەرمی لەبارەی ژمارەی قوربانیانی خۆپێشاندانەكانی دوایی راگەیاند و دووپاتی كردەوە كە بەو هۆیەوە 12 خۆپێشاندەر گیانیان لەدەست داوە و 571یان بریندار بوونە كە 195یان هاووڵاتین و 371یان كارمەندی تەناهین و زیان بە 47 تەلار كەوتووە لەوانە 18یان حكوومەتین و 22یان بارەگای پارتەكانن و 7یان نیشتەجێی هاووڵاتییانن و 25 ئۆتۆمبێل و كەرەڤانە سووتاون و 302 خۆپێشاندەریش گیراون. 






وشە - مه‌حموود ئیسماعیل