ڤلادیمێر پووتن سەرۆكی رووسیا دووپاتی كردەوە كە وڵاتەكەی وەڵامی هاوشێوەی هەر كارێكی دوژمنكارانە دەداتەوە كە هەڕەشە لە رووسیا بكات و هاوپەیمانی ناتۆیشی لە ئەگەری هەوڵدان بۆ كردنەئەندامی هەریەك لە جۆرجیا و ئۆكراینا ئاگەدار كردەوە و بە سیاسەتێكی نابەرپرسانەی وەسف كرد.
پووتن ئەمڕۆ پێنجشەم لە میانی كۆبوونەوەی لەگەڵ باڵوێز و نوێنەرانی رووسیا لە دەرەوەی وڵاتەكە رای گەیاند كە رووسیا وەڵامی هاوشێوەی هەر كارێكی دوژمنكارانە دەداتەوە بۆ ئەوانەیش كە هەوڵی كردنەئەندامی هەریەك لە جۆرجیا و ئۆكراین دەدەن، وەك ئاماژەیەك بۆ هاوپەیمانی باكوری ئەتڵەسی (ناتۆ).
پووتن رای گەیاند كە رووسیا بەهاوشێوە وەڵامی ئەو كارانە دەداتەوە كە راستەوخۆ هەڕەشە لە رووسیا دەكەن و ئەو هاوڕێیانەیشی هەوڵی بردنی هەریەك لە جۆرجیا و ئۆكراین بۆ ناو هاوپەیمانیەتییە سەربازییەكەیان دەدەن، پێویستە بیر لە سزای ئەو سیاسەتە نابەرپرسیارانەیان بكەنەوە.
هەفتەی رابردوو هاوپەیمانی ناتۆ لە بەیاننامەیەكدا دووپاتی كردەوە كە ئۆكراین رۆژێك لە رۆژان دەبێتە ئەندام لە هاوپەیمانی باكوری ئەتڵەسی، لەو كاتەی پەرلەمانی ئۆكراین لە 2014 هەمواری یاسایەكی كرد بۆ وازهێنان لە حاڵەتی بێلایەنی و گەیاندنی دۆخی سەربازی وڵات بۆ ئاستی پێوەرەكانی هاوپەیمانی ناتۆ تا ساڵی 2020، لەو كاتەی لە 2015 نەخشەرێگەیەك لە نێوان ئۆكراینا و ناتۆ بۆ هاریكاری تەكنیكی و بەرگری واژوو كرا و لە 2016 هەموواری یاسایی لە ئۆكراین كرا بەوەی بوونەئەندام لە ناتۆ یەكێكە لە ئامانجەكانی سیاسەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە.