ساڵی رابردوو له وه‌رزی هه‌ڵگرتنه‌وه‌ی خه‌یار، جووتیارانی كوردستان به زیانێكی زۆر به‌رهه‌مه‌كانیان خسته بازاڕه‌وه، به‌ڵام ئه‌مساڵ به‌رهه‌مه‌كه چوار هێنده‌ی ساڵی رابردوو بۆ جووتیاران پاره ده‌كات و هۆكاره‌كه‌ش به‌شێكی پێوه‌ندیی به كه‌میی به‌رهه‌م و به‌شه‌كه‌ی تری پێوه‌ندی به بڕیارێكی نوێی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵه‌وه هه‌یه.
نرخی خه‌یار له بازاڕه‌كانی كوردستان سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه له دوای مانگی ره‌مه‌زانه‌وه تا ئاستێك دابه‌زیوه، به‌ڵام هێشتا زۆر له‌و نرخه به‌رزتره كه ساڵی رابردوو پێی ده‌فرۆشرا. چونكه ساڵی رابردوو كیلۆی خه‌یار به 100 دینار له جووتیار ده‌هاته كڕین، له كاتێكدا جووتیار خۆی سه‌رووی 200 دیناری خه‌رج كردبوو.
مام قادر عه‌زیز كه جووتیارێكی هه‌ولێره، ساڵی رابردوو 16 خانووی پلاستیكی كردبووه خه‌یار و پێنج دۆنمی تریشی له ده‌ره‌وه‌ی خانووه‌كان چاندبوو، هاوشێوه‌ی ئه‌و جووتیاره جووتیارانی تریش چ له زه‌وی كراوه و چ له خانووی پلاستیكی به رێژه‌یه‌كی به‌رچاو خه‌یاریان چاند كه دواجار سه‌رجه‌میان زیانیان بینی.
ژماره‌یه‌ك له جووتیاره‌كان دوای ئه‌و زیانیان بینی، وازیان له چاندنی خه‌یار هێنا، به‌ڵام مام قادر بڕیاری دا چیتر یه‌ك به‌رهه‌م نه‌چینێت و زه‌وی و خانووه‌كانی بۆ به‌رهه‌می جۆراوجۆر ته‌رخان بكات. ئه‌و ئه‌مساڵ له جیاتی 16 خانووی پلاستیكی پێنج خانووی كردووه‌ته خه‌یار و ئه‌وانه‌ی تری كردووه‌ته ته‌ماته و باینجان و به‌رهه‌مه‌كانی تر به‌و هیوایه‌ی ئه‌گه‌ر یه‌كێكیان بازاڕی خۆش نه‌بوو، ئه‌وه‌ی تریان بازاڕی هه‌بێت.
ئه‌و له پلانه‌كه‌ی سه‌ركه‌وتوو بوو و ئه‌مساڵ له هه‌ر خانوویه‌كی پلاستیكی نزیكه‌ی هه‌شت تۆن خه‌یاری هه‌ڵگرتووه‌ته‌وه و به گشتی سه‌رووی 40 تۆن خه‌یاری خسته بازاڕه‌وه. ئه‌و بۆ "وشه" گوتی، "ساڵی رابردوو كیلۆی خه‌یارم به 100 دینار ده‌دا، به‌ڵام ئه‌مساڵ به كه‌متر له 500 دینارم نه‌فرۆشتووه."
ماوه‌ی دوو هه‌فته ده‌بێت به هۆی پێگه‌یشتنی به‌رهه‌می زیاتر خه‌یار كه‌مێك نرخه‌كه‌ی دابه‌زیوه، به‌ڵام هێشتا بۆ جووتیار سه‌رووی 300 دینار ده‌كات.
كامه‌ران عه‌لی كاسبكار كه یه‌كێكه له كڕیارانی خه‌یار بۆ "وشه" روونی كرده‌وه، ماوه‌یه‌كه كیلۆی خه‌یار به 300 تا 400 دینار له جووتیاران ده‌كڕێت و له بازاڕه‌كانیش به 500 و سه‌رووی 500 دینار ساغی ده‌كه‌نه‌وه. ئه‌و ده‌ڵێت به گشتی جووتیاری ئه‌مساڵ له چاندنی خه‌یار قازانجی كرد و قه‌ره‌بووی زیانی پارساڵیشیان كردووه‌ته‌وه.
یه‌كێك له گرنگترین هۆكاره‌كانی به‌رزبوونی نرخی خه‌یار و ته‌ماته و هه‌ندێك به‌رهه‌می تر به پێچه‌وانه‌ی نرخی شووتی له لایه‌ك بۆ كه‌میی به‌رهه‌مهێنانیان له هه‌ولێر و له لایه‌كی تریش بۆ تێكچوونی به‌شێك له به‌رهه‌مه‌كه بۆ زه‌وی كراوه له به‌هاری ئه‌مساڵدا ده‌گه‌ڕێته‌وه. جووتیاران ده‌ڵێن ئه‌مساڵ ته‌نیا شووتی پاره‌ی نه‌كرد، ئه‌گه‌ر نا سه‌رجه‌م به‌رهه‌مه‌كانی تر بازاڕیان خۆش بوو.
كه‌مال محه‌مه‌د به‌ڕێوه‌به‌ری پڕۆژه‌ی خانووی پلاستیكی له وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاو بۆ "وشه" هۆكاره‌كانی به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی خه‌یار ده‌خاته ڕوو و ده‌ڵێت، ساڵی رابردوو سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه به‌رهه‌می ناوخۆ زۆر بوو و سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه باجیشیان به‌سه‌ر به‌رهه‌می ده‌ره‌كی سه‌پاندبوو، هێشتا خه‌یار هاورده ده‌كرا، به‌ڵام ئه‌مساڵ به به‌رزكردنه‌وه‌ی باج له 250 دیناره‌وه بۆ 350 دینار بۆ هه‌ر كیلۆگرامێك، به‌ته‌واوی رێ‌یان له هاورده‌كردنی خه‌یار گرت.
له لایه‌كی تره‌وه به گوته‌ی ئه‌و به‌رپرسه، له هه‌رێمی كوردستانیش ئه‌وانه‌ی خاوه‌نی خانووی پلاستیكی بوون ته‌نیا خه‌یاریان نه‌چاند و روویان له به‌رهه‌مه‌كانی تریش كرد، ئه‌مه‌ش وای كرد به‌رهه‌مه‌كه سه‌رووی داخوازی نه‌بێت. ئه‌و ده‌ڵێت ساڵی رابردوو سه‌رووی 90%ی خانووه پلاستیكییه‌كان كرابوونه خه‌یار، به‌ڵام ئه‌مساڵ ئه‌م رێژه‌یه زۆر دابه‌زی.
هۆكارێكی تریش وای كرد نرخه‌كه به‌رز بێت، ئه‌وه‌بوو به‌رهه‌مه‌كه هه‌نارده‌ی پارێزگاكانی تری عێراقیش كراوه و ئه‌وه‌ی له لایه‌ن جووتیاران به‌رهه‌م هاتووه له ده‌ستیاندا نه‌ماوه‌ته‌وه و یه‌كسه‌ر بازاڕی بۆ دۆزراوه‌ته‌وه.
ژماره‌ی خانووه پلاستیكییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به خێرایی له زیادبووندان و خه‌ڵك ساڵ به ساڵ زیاتر له جاران روو له كشتوكاڵ ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش بۆ بووژانه‌وه‌ی كه‌رتی كشتوكاڵ به پڕبایه‌خ هه‌ژمار ده‌كرێت. به‌گوێره‌ی ئه‌و ئاماره‌ی به‌رپرسه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ خستیه‌ڕوو، ژماره‌ی خانووه پلاستیكییه‌كان گه‌یشتووه‌ته سه‌رووی 18 هه‌زار دانه و ئه‌مه‌ش ئه‌گه‌ر به هاوئاهه‌نگی و به پلان كشتوكاڵیان تێدا بكرێت، به‌شێكی گرنگ له پێداویستییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان دابین ده‌كه‌ن.