شەوی ڕابردوو تەقینەوەیەك لە شارۆكەی پردێی سەر بە شاری كەركووك ڕووی دا كە گرووپی عەسایەبی ئەهلی حەقی كردووەتە ئامانج و تا ئێستە زیانە گیانییەكان نەزانراوە.
ئەمڕۆ شەموو 21ـی تەمووز/ یۆلیۆ، ئەحەد وەهاب بەرپرسی پێشووی بازگەكانی شارۆكەی پردێ بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، لە سەعات 11ـی شەوی ڕابردوو لە نزیك ناوچەی پارتی دیموكراتی كوردستان كە ئێستە گرووپێكی حەشدی شەعبی تێیدا نیشتەجێن تەقینەوەیەك ڕووی دا.
بەرپرسی پێشووی بازگەكانی پردێ گوتی، ئەو شوێنەی تەقینەوەكەی لێی ڕووی داوە، دواوەی بارەگاكە بووە و چەندان هەمەڕی سەربازی ئەو گرووپەی سەر بە حەشدی شەعبی تێدا بوو و تا ئێستە زیانەكان نەزانراوە.
ئاماژەی دا، دوای تەقینەوەكە گرووپە میلیشیاكە داوای ئەمبۆڵاسیان كردووە، بەڵام تا ئێستە زیانەكان نەزانراوە و برینداریش هەبووە.
شەوی 18 لەسەر 19ـی تەمووز حەوت تەقینەوە شاری كەركووكی كردە ئامانج و چەندان كەس بریندار بوون كە بەشێك لە تەقینەوەكان لە ڕێی بۆمبی دەستی بوون.
دوای داگیركردنی كەركووك لەلایەن میلیشیاكانی حەشدی شەعبی لە 16ی ئۆكتۆبەری ڕابردوو، دۆخی تەناهیی شارەكە بە تەواوی تێكچووە و ڕۆژانە ڕووداوەكانی كوشتن و رفاندن و تەقینەوە ڕوو لە زیادبوونە.