كوێت سووتەمەنی وێستگەكانی كارەبای عێراق دابین دەكات

:: AM:11:02:21/07/2018 ‌

وەزارەتی كارەبای عێراق ئاشكرای كرد، بەهۆی كەمبوونەوەی كارەبا و گەیشتنی خۆپێشاندان و ئاڵۆزییەكان بە سنووری هاوبەشی عێراق و كوێت، ئەمیری كوێت بڕیاری داوە سووتەمەنی بۆ هەموو ئەو وێستگانەی كارەبای عێراق دابین بكات كە داخراون.

بە گوتەی وەزارەتی كارەبای عێراق شێخ سەباح ئەحمەد ئەلجابر خۆی بڕیارەكەی داوە و لەمەودوا ئەو وڵاتە گازوایل بۆ ئەو وێستگانە دابین دەكات كە بە هۆی نەبوونی سووتەمەنی لەكار كەوتبوون.

بەگوێرەی "مێهرنیوز" بڕیارە ئەمڕۆ شەموو كەشتییەكی نەوتهەڵگر لە كوێتەوە بگاتە عێراق كە 30 هەزار مەتر سێجا گازوایلی هەڵگرتووە و لە رۆژانی داهاتووشدا چەند كەشتییەكی تر دەگەنە عێراق و سووتەمەنی بۆ وێستگەكانی كارەبا دابین دەكەن.

پێویستە بگوترێت ماوەی زیاتر لە دوو هەفتەیە لە پارێزگاكانی عێراق خۆپێشاندانە و گرنگترین هۆكاری ئەو خۆپێشاندانانەش نەبوونی كارەبا، ئاوی خواردنەوە و دابین نەكردنی خزمەتگوزارییە سەرەتایییەكانە بۆ خەڵك.

خۆپێشاندانەكە ڕۆژی هەشتی ئەم مانگە یەكەم جار لە بەسڕە دەستی پێ كرد و دواتر بەرەو پارێزگاكانی تری عێراق پەرەی سەند. دوێنێ هەینی لە بەغدا و بەشێكی تر لە پارێزگاكانی تری عێراق درێژە بە خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەكان درا.




وشە - سلێمان تاشان