هێز بۆ بەسڕە دەڕوا و بەغدایش بە سەرباز دەتەنرێ

:: PM:12:21:21/07/2018 ‌
بەیانی ئەمڕۆ شەموو بەغدای پایتەخت لە دۆخێكی ئارام و ترسێنەردا بووە و هێزەكانیش لە گۆڕەپانی تەحریر بڵاوەیان كردووە و چوونەتە دەوروبەری گۆڕەپانەكە تا ڕێ لە گەڕانەوەی خۆپێشاندەران بگرن، حكوومەتیش هێزی زیاتری ڕەوانەی بەسڕە كردووە.

ڕۆژنامەی "العربی الجدید" لە ڕاپۆرتێكدا بڵاوی كردەوە، كە هێزەكانی سەركوتی خۆپێشاندەران و ئاڵۆزی لە بەغدا لە ناوەندی گۆڕەپانی تەحریری بەغدا بۆ ناوچەكانی دەوروبەری بڵاوەیان پێ كراوە، تا ڕێ لە گەڕانەوەی خۆپێشاندەران بۆ ناو گۆڕەپانەكە بگرن.

هاوكات بەیانی ئەمڕۆ هێزە تەناهییەكان پردی كۆماری و دەروازەكانی گەیشتنیان بە ناوچەی سەوز كردووەتەوە و دۆخەكە ئاسایییە، بەڵام ترس باڵی بەسەر بەغدا كێشاوە و هێزەكان بەردەوام لە ئامادەباشیدان و لە زۆربەی ناوچەكان سەرباز بڵاو كراونەتەوە و  ترسی سەرهەڵدانەوەی خۆپێشاندانەكان لە ئارادایە.

هاوكات ئەندامێكی لێژنەی هاوئاهەنگی خۆپێشاندانەكانی بەسڕە بە ناوی "مەجید روكابی" دووپاتی كردەوە، بەغدا هێزی زیاتری ڕەوانەی پارێزگای بەسڕە كردووە، بەڵام خۆپێشاندەران بە هیچ شێوەیەك ناترسن، چارەسەری سەرەكی ئەوەیە حكوومەت كێشەكان بنەبڕ بكات و خزمەتگوزاری بۆ شارەكە دابین بكات، چونكە بە هێنانی هێز و سەركوتی خۆپێشاندەران، بە هیچ شێوەیەك ناڕەزایەتییەكان كۆتاییان نایەت.

لە هەشتی ئەم مانگەوە خۆپێشاندان لە بەسڕە دەستی پێ كرد و ڕۆژەكانی تر لە شارەكانی تری باشووری عێراقیش بەردەوامی هەبوو، هاوكات دوێنێ هەینی خۆپێشاندانەكان بە فرەوانی گەیشتە بەغدا و بە زەبری هێز بڵاوەیان پێ كرا، خۆپێشاندەرێكیش گیانی لە دەست دا و چەندانی تریش بریندار بوون.

كۆی گشتی كوژراون گەیشتووەتە 17 كەس و نزیكەی هەزار برینداریش بوونیان هەیە، ژمارەی گیراوانیش گەیشتووەتە 500 كەس، كە بەشێكیان سەرپەرشتیار و سەركردەكانی ڕێكخستنی خۆپێشاندانەكانن.



وشە - باز ئه‌حمه‌د