بۆڕی ئاو بە نایاسایی ڕابكێشی سێ ملیۆن سزا دەدرێی

:: PM:12:23:21/07/2018 ‌
لە پەرلەمانی كوردستان پڕۆژە یاسایەك ئامادە كراوە، بە پەسەندكردنی ئەو پڕۆژەیە هەر هاووڵاتییەك بۆڕی بە نایاسایی ڕابكێشێت بۆ ئاو، بە بڕی یەك ملیۆن دینار تا سێ‌ ملیۆن دینار سزا دەدرێت.

ئەمڕۆ شەموو 21ـی تەمووز/ یۆلیۆ، بەهزاد دەروێش ئەندامی لیژنەی شارەوانی و گەشتوگوزار لە پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، پڕۆژە یاسایەكی گرنگ لە پەرلەمان خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كراوە بۆ پاراستنی ئاو، لەگەڵ وەزیری شارەوانیش گفتوگۆی لەسەر كراوە.

ئەندامەكەی لیژنەی شارەوانی گوتی، پڕۆژە یاسای پارێزگاریكردن لە دامەزراوەكانی ئاو و ئاوەڕۆ لە هەرێمی كوردستان كە لەلایەن ژمارەی یاسایی ئەندامانی پەرلەمان پێشكەش كراوە،  هەروەها پڕۆژە یاساكە سەرجەم وردەكارییەكانی تێدا دیاری كراوە.

ئاماژەی دا، لە سەرپێچی و بە نایاسایی ڕاكێشانی بۆڕی ئاو لەلایەن هاووڵاتییان سزاكەی لە یەك ملیۆن دینار بۆ سێ‌ ملیۆن دینار دیاری كراوە، بەگوێرەی ئەو بۆڕییەی ڕای كێشاوە كە لە نیو ئینجەوە دەست پێ‌ دەكات.

هەر ماڵێك تەوافە یان گرتنەوەیەكی ئۆتۆماتیكی بۆ تانكی ماڵەكانیان نەبەستێت، لەكاتی پڕبوونی، ئەوا بە بڕی 100 هەزار دینار سزا دەدرێ. بەهزاد وای گوت.

ماوەی دوو ساڵە بەهۆی كەمبوونەوەی ئاوی ژێرزەوی، حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەڵمەتێكی دەست پێ‌ كردووە بەمەبەستی ڕێگریكردن لە بەفیڕۆدانی ئاو.



وشە - رامیار جەواد