درووشمی خۆپێشاندانەكانی عێراق بۆ رووخاندنی گەندەڵكاران دەگۆڕێت

:: PM:06:06:21/07/2018 ‌

رێكخەرانی خۆپێشاندانەكان لە پارێزگای زیقاڕ لە باشووری عێراق بەیاننامەیەكیان بڵاو كردەوە و تیایدا بانگهێشتنی خۆپێشاندەرانیان لە سەرانسەری پارێزگا راپەڕیوەكان لە باشوور و ناوەڕاستی عێراق بە بەغدایشەوە كرد بۆ سازكردنی خۆپێشاندانێكی فرەوان و سەرانسەری لە ئێوارەی سبەی یەكشەم. 

رێكخستنەكانی "راپەڕیوانی پارێزگای زیقاڕ"، ئەمڕۆ شەموو لە بەیاننامەیەكدا رایان گەیاند كە سبەی یەكشەم 22ی تەمووز لە سەعات شەشی ئێوارە و لە هەموو شارە راپەڕیوەكانی عێراق و لە بەغدایش، هاوكات خۆپێشاندانێكی فرەوان بەڕێوە دەچێت.

بەپێی بەیاننامەكە پێویستە سبەی هەموو داواكارییەك رابگیرێت و تەنیا یەك داواكاری هەبێت ئەویش رووخانی گەندەڵكارانە و ئاماژەی كرد، ئێمە لەو داواكارییە زیاترمان نییە و ئەوانەیشی داوای باشتركردنی خزمەتگوزاری و كار دەكەن تەنیا نوێنەرایەتیی خۆیان دەكەن و هەرچی لێخستنی گەندەڵكاران و دادگاییكردنیانە داوایەكی جەماوەری و نیشتیمانییە.

دوێنێ هەینی خۆپێشاندانی فرەوانی جەماوەری نۆ پارێزگای باشوور و ناوەڕاستی عێراقی گرتەوە لەوانە بەغدای پایەتەخت كە كاری توندوتیژی لێ كەوتەوە و بووە هۆی كوژرانی دوو خۆپێشاندەر و برینداربوونی دەیانی تر. 

لەو ناوەدا سەرچاوەكانی ناوخۆیی دووپاتیان كردەوە كە هێزی تایبەتی عێراقی گەیشتوونەتە بەسڕە و زیقاڕ بۆ رێگرتن لە فرەوانبوونی خۆپێشاندانەكان و هەڵكوتانی جەماوەری ناڕازی بۆ سەر بارەگای پارتە سیاسییەكانی و دامەزراوە گرنگەكانی دەوڵەت لەو دوو پارێزگایە و لەوانەی تریش.

سەرچاوە/ شەفەق نیوز

 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل