خەریكە خۆپێشاندانەكانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق لە رووی شێوازەوە توندوتیژتر و لە رووی ئامانجیشەوە بەرەو زیاتر لە دابینكردنی خزمەتگوزاری و دابینكردنی هەلی كار دەچن و ئەوان داوای رووخاندنی پارتە سیاسییەكان و گەندەڵكاران دەكەن، لە دیمەنێك كە شۆڕشەكانی بەهاری عەرەبی لە 2011 دێنێتەوە یاد.
دوێنێ هەینی شارەكانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق بە بەغدایشەوە خۆپێشاندانی گەورەیان بەخۆیانەوە بینی و خۆپێشاندەران داوای رووخانی پارتە سیاسییەكانیان كرد بە هاوشێوەی شۆڕشەكانی بەهاری عەرەبی كە لەژێر درووشمی "گەل دەیەوێت رژێم بڕووخێنێت"، بەڕێوە چوون.
سەرەڕای بەڵێنەكانی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق خۆپێشاندەرەكان بە باشتركردنی خزمەتگوزارییەكان و دابینكردنی هەزاران هەلی كار بۆیان، خۆپێشاندەران لە دەربڕینی ناڕەزایی نەوەستان، لەو كاتەی كە میلیشیا شیعەكان بەردەوامن لە كوشتنی خۆپێشاندەران و مەرجەعیەتی بێتوانایی خۆی لە بەرانبەر دۆخەكە پێشان دا بەوەی دوێنێ لە وتاری هەینی كەربەلا نوێنەری سیستانی باسی خۆپێشاندانەكانی نەكرد.
عەبادی بۆ هێوركردنەوەی دۆخەكە چەندان بەڵێنی بە خۆپێشاندەران لە پارێزگاكانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق داوە كە چاودێران پێیان وایە جیا لەوەی گومان دەخاتە سەر نیازی حكوومەت بۆ جێبەجێكردنیان بەهۆی زۆرییەوە، حكوومەتەكەی لە بارێكی قوڕس تێوە دەگلێنێت كە زۆر لە تواناكانی دەوڵەت زیاترە كە دواتر دەبێتە بارێكی قوڕس و پێویستیان بە چەندان ملیار دۆلاری ئەمەریكاییە بۆ جێبەجێكردنیان.
چالاكان لەو بارەوە دەڵێن، حكوومەت بەو بەڵێنانەی دەیەوێت یاری بە خەڵكەكە بكات، ئەگینا ئەگەر ئەو هەموو توانایەی هەبووایە بۆچی پێش تەقینەوەی دۆخەكە ئەنجامی نەدەدا؟، لەو كاتەی ئەوانیتر دەڵێن كە بەڵێنەكانی عەبادی بۆ سڕكردنی شەقامی شیعەیە كە بەڕووی گەندەڵی چینە سیاسییەكەی راپەڕیون كە خۆپێشاندانەكان بە ئاماژە بۆ نزیكبوونەوەی تەمەنی چینی سیاسی عێراقی دادەنێن كە بە گەندەڵی و لایەنگیری تۆمەتباریان دەكەن كە رەنگە بەخێرایی نەیەتە دی، بەڵام سەرەتاكانی بەروونی دیار كەوتووە.
ئەوەیش لەو كاتەی بەپێی رۆژنامەی "عەرەبی ئەلجەدید"، دەیان خۆپێشاندەر لە باشووری عێراق تووشی سەرسوڕمان هاتنەوە بەهۆی دەرچوونی فرمانی گرتنیان لەلایەن دادگا بەتۆمەتی سووتاندنی بارەگای پارت و میلیشیاكان، ئەوەیش دوای تۆماركردنی سكاڵا لەدژی ئەوان لەلایەن ئەو پارت و میلیشیایانەوە.
بەرپرسێكی سیاسی لەو بارەوە دەڵێت، دادگای عێراق دەیان فرمانی گرتنی بۆ خۆپێشاندەران دەركردووە كە هەندێكیان بەر لە چەند رۆژێك ئازاد كرابوون، روونی كردەوە، ئەو فرمانانە لەسەر داوای یاسایی پارت و گرووپە چەكدارەكان دەركراوە كە ئەوان ناوی ئەو خۆپێشاندەرانەیان دیاری كردووە كە دەستیان لە سووتاندنی بارەگاكانی ئەواندا هەبووە.
چالاكان لەوبارەوە دەڵێن كە سكاڵای پارت و گرووپەكان تەنیا هەوڵێكە بۆ ترساندنی شەقامی عێراقی و رێگرتن لە خۆپێشاندانەكان لە داهاتوودا، بورهان وائیلی، چالاكێكی بەسڕە لەو بارەوە دەڵێت، ئەو كارەی پارت و میلیشیاكان دەیكەن هەوڵێكە بۆ پاڵەپەستۆ خستنە سەریان و كپكردنی دەنگیان و روونی كردەوە كە ئەوان بەو رێگەوە هەوڵی ئەوە دەدەن كە ئەو خۆپێشاندەرانە بخەنە ژێر لێپرسینەوەی یاسایی، ئەوەیش مانای وایە خەڵكەكە كەوتووەتە ژێر هەڕەشەی ئەو پارتانە كە بەدوای بەرژەوەندی تایبەتی خۆیانەوەن.
غانم حەمدانی شارەزای یاسایی دەڵێت، ئەو داوا یاساییانەی پارت و میلیشیاكان لە دادگا تۆماریان كردووە تایبەتن لە رووی یاساییەوە ناتوانرێت هەلبوەشێندرێتەوە یان دادگا جێبەجێیان نەكات تەنیا دوای دەستبەرداربوونی سكاڵاكار (پارتەكان) نەبێت، بۆیە ئەوان دیانەوێن لەو رێگەوە سازش بە خۆپێشاندەران بكەن.
لای خۆیەوە رۆژنامەی "ئەخبار"ی لبنانی رای گەیاند كە ئەمڕۆ لە بەغدا خۆپێشاندانی پاڵپشتی بۆ پارێزگاكانی باشوور دەكرێت و رەنگە لایەنگرانی موقتەدا سەدر بچنە ناو خۆپێشاندانەكان، بەتایبەتی دوای ئەوەی سەدر داوای هەڵپەساردنی گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكوومەتی نوێی كرد تا كاتی جێبەجێكردنی داوای خۆپێشاندەران و ئەوەیش تەواوكەری هەڵوێستی سەدر بوو لە سەرەتای دەست پێكردنی ناڕەزایەتییەكان كە پاڵپشتی خۆی بۆ خۆپێشاندەران راگەیاند.
ئەمڕۆ شەموو سەرۆك هۆزەكانی باشووری عێراق چەند داوایەكی تریان ئاراستەی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران كرد و هەڕەشەیان كرد كە ئەوان چەك لە دژی حكوومەت هەڵدەگرن ئەگەر داوای خۆپێشاندەران دوا بخات و واز لە سەركوتكردنیان و بەكارهێنانی چەك لەدژیان نەهێنێ و دووپاتیان كردەوە كە تا داواكانیان جێبەجێ نەكرێت، لە خۆپێشاندانەكان ناوەستن و هەڕەشەی هەڵگرتنی چەكیشیان لە دژی ئەو كەسانە كردووە كە تەقە لە خۆپێشاندەران دەكەن.
چاودێران پێیان وایە داواكاریی شارەكانی باشووری عێراق كە 92 داواكارییە، حكوومەت تەنیا لە توانایدا هەیە 10%ی داواكارییەكان جێبەجێ بكات، چونكە وەك بەرپرسانی حكوومەت گوتوویانە هەندێك لە داواكارییەكان پێویستی بەكاتی زۆر هەیە تا جێبەجێ بكرێت.