ئەو خۆراكانەی سووڕی خوێن دەپارێزن

:: PM:10:42:21/07/2018 ‌

سووڕی خوێن یارمەتی لەش دەدات بۆ كاركردن بەشێوەیەكی ئاسایی و دروست و لە كێشەی تەندروستی دەیپارێزێت، بۆیە شارەزایانی بواری خۆراك رێنوێنی دەدەن بەخواردنی ئەو خۆراكانەی كە یارمەتیدەرن بۆ هاتوچۆی ئاسان و چالاكی خوێن لەناو لوولەكانی خوێندا.

خوێنی مرۆڤ كە هاتوچۆ دەكات خۆراك و ئۆكسجین بۆ هەموو ئەندامانی لەش دەبات، هەروەها پارێزگاری لە پلەی گەرمی لەش دەكات و لە تووشبوون بە چەندان نەخۆشی مەترسیدار دەیپارێزێت، وەك "بۆڵد سكای" بڵاوی كردەوە. 

بۆیە بۆ مسۆگەریی تەندروستبوونی سووری خوێن، شارەزایانی خۆراك رێنوێنی دەدەن بە خواردنی پرتەقال و چەرەزات و سیر و چەند جۆرە رووەكێك وەك مەعدەنووس و چای سەوز و شوكوڵاتەی رەش و رەگی چەوەندەر و ماسی ناو ئاوی سارد. 

ماسی ئاوی سارد وەك سەلەموون، توانای چالاككردنی سووڕی خوێنی مرۆڤیان هەیە، بەهۆی ئەو بڕە زۆرەی ئۆمێگا3یەی تیادایە كە بریتین لەو ترشە گرنگانەی لە لینجی خەپڵەكانی خوێن دەتپارێزن، بۆیە خواردنی هەفتەی دوو جاری ماسی زۆر بەسوودە.

هەروەها پرتەقال بەسوودە بۆ ئاسانكردنی جووڵانەوەی سووڕی خوێن بەهۆی ئەو ڤیتامین سییەی تیایدایە كە پرۆسەی گواستنەوەی خوێن لە خوێنبەرەكانەوە بۆ خانەكان ئاسان دەكات، هەرچی رەگی چەوەندەرە سوودی زۆرە بەهۆی ئەو نیتراتەی تیایدایە كە كار بۆ فرەوانكردنی خوێنبەرەكان دەكات، هەروەها شوكوڵاتەی رەش و چای سەوز بەهۆی ئەو دژەئۆكسانانەی تیایاندا هەیە، یارمەتی چوونی خوێن بۆ ئەندامانی لەش دەدەن.

سەرچاوە/ سكای نیوز



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل