یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی خەریكی رازیكردنی كیران تریپێری ئەستێرەی یانەی تۆتنهامی ئینگلیزییە كە لە یارییەكانی مۆندیالی 2018ی رووسیادا ئاستێكی نموونەیی لەگەڵ هەڵبژاردەی ئینگلتەڕا پێشكەش كرد.
رۆژنامەی (سەن)ی ئینگلیزی ئاشكرای كرد: فلۆرنتینۆ پێرێزی سەرۆكی یانەی ریال مەدرید بەو ئاستە سەرسامە كە تریپێر لەگەڵ هەڵبژاردەی ئینگلتەڕا لە یارییەكانی مۆندیال پێشكەشی كرد و هەوڵیش دەدات رازی بكات بۆ وەرزی داهاتوو درێسی سپی تیپەكەیان بپۆشێ.
لای خۆشییەوە یانەی تۆتنهام بڕیاریداوە رووبەڕووی سەرجەم ئەو دەستەوارانە ببێتەوە كە ئاراستەی دەكرێن بۆ كڕینی تریپێر و ئامادە نییە بەهیچ شێوەیەك دەستبەرداری بێت.
یانەی تۆتنهام لە هاوینی 2015 تریپێری بە بەهای 3.5 ملیۆن پاوەن لە یانەی بێرنلی هێنایە یانەكەیەوە و ئێستاش نرخەكەی لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزاناندا سەرووی 50 ملیۆن پاوەنە بەتایبەتیش دوای ئەوەی ئەو ئاستە نموونەییەی لە یارییەكانی مۆندیال پێشكەشی كرد.
ئەمە لە كاتێكدایە كە یانەی ریال مەدرید چەند رۆژێك پێش ئێستا بە 31 ملیۆن پاوەن گرێبەستی لەگەڵ ئەلڤارۆ ئۆدریزۆلا كردبوو كە لە هەمان شوێنی تریپێر و دانی كارڤاخال یاریی دەكات.