چیرۆكی ئەو منداڵەی لە شاڵاوی ئەنفال لەدایكبوو

:: AM:09:35:22/07/2018 ‌
منداڵێكی كورد لە گرتووخانە لەو كاتەی خەڵكی كوردستان بۆ ئەنفالكردن لە كەمپە زۆرەملێكان كۆكرابوونەوە لە دایكبوو، دوای مانەوەیشی بە زیندوویی ناوی بەندینی لێ نرا.

بەڕێوەبەرایەتی شەهیدان و ئەنفالكروانی سلێمانی چیرۆكی ڕاستەقینەی ژیانی گەنجێكی پێگەیشتووی ئێستە بڵاو دەكاتەوە كە لە شاڵاوی ئەنفال لە یەكێك لە بەندیخانەكان لە دایك بووە.

"بەندین" ئەو منداڵە بوو كە شەش مانگ دوای لەدایكبوونی ئنجا ناوی لێ نرا، شێركۆی برای لە بارەی ئەم چیرۆكەوە گوتی، سێ‌ مانگ بوو لە دووبز لە گرتووخانە بووین، ئێوارەیەك ناویان نووسین گوتیان ئازادتان دەكەین، دایكم هەر لە ئێوارەوە ژان گرتبووی، ئێمە لە سووچێكی هۆڵەكەدا بووین لەسەر بەتانیەیەك دانیشتبووین دایكم تانیوەشەو هەر بەژانەوە بوو.

شێركۆ دەگێڕێتەوە سەعات پێنجی بەیانی سەربازەكان هاتن كردیان بەهەڵاو دەنگە دەنگ گوتیان، كۆ ببنەوە و ڕیز ببەستن بەو پاسە دەتانبەین و ئازادتان دەكەین، هەروەها لیستێكیان پێ بوو ناوی سەرۆكی خێزان و منداڵەكانیان دەخوێندەوە.

شێركۆ باس لە دایكی دەكات كە تا دەهات حاڵی خراپتر دەبوو خۆی و نیشتمانی خوشكی یەكی چمكێكی بەتانیەكەیان گرتبوو لە سووچی هۆڵەكەدا بۆ ئەوەی دایكی لەوێدا منداڵەكەی ببێت، ئیتر بەهەر دۆخێك بێت منداڵەكەی بوو، (میمكە شەوكەت)ێك هەبوو ئەویان بانگ كرد گوتیان دایكمان دۆخی زۆر خراپە، خەڵك هەموو سەركەوتن و كەس بەزەیی پێماندا نەدەهاتەوە، هەموو دەڕۆیشتن چونكە گوتیان بۆ ئازادكردنە.

دواجار براكەی شێركۆ لە بەندیخانەكە لەدایك بوو، ناوكیان بڕی و بەدەزووی لەچك ناوكیان بەست، پەنجەرەیەكی لێ بوو لەوێ‌ داماننا و ویستمان جێی بهێڵین، ئیتر دایكمان برد، بەمن و نیشتمان و ئەو پوورە شەوكەتەوە دایكمان ڕادەكێشا، خوێن بەو هۆڵەدا بڵاو بووبووەوە بردمان و بەزۆر سەرمانخستە ناو پاسەكەوە، منداڵمان بیر نەما چۆن بڵێی وازمان لێ هێنا، دۆخەكەمان زۆر خراپ بوو و نان نەبوو بیخۆین، ئێمەش خەمی دایكمان بوو. شێركۆ وا دەگێڕێتەوە.

لە بیرەوەرییەكانی شێركۆدا هاتووە، كە سەركەوتن دوا كەس بوون پاسەكە چاوەڕێی ئەوان بوو ئەوەندە دواكەوتبوون، نەیاندەزانی چاوەڕێكردنەكە بۆ ئازادكردن نییە و بۆ شوێنێكی خراپترە، چونكە كاتێك سەركەوتن بۆ پاسەكە نزیكەی چارەكە سەعاتێك وەستا، عەرەبێك هات پاسەوانمان بوو.

شێركۆ دەیگێڕێتەوە لەناو پاسەكە پاسەوانێك هات قاتێكی سەوزی عەسكەری لەبەردا بوو، شتێكی لەسەر پێچابوو وەك جامانە وابوو، مەلۆتكەكەی پێ بوو و گوتی، "ئەمە منداڵی كێیە و كێ‌ فڕێی داوە؟، گوتم هی ئێمەیە چوو دشداشەیەكی خۆی هێنا و پێچایەوە و دایە دەستمەوە.

لە درێژەی بیرەوەرییەكانی شێركۆ لەبارەی ژیانی "بەندین " هاتووە، قەدری خانێك هەبوو ئەو عەرەبی دەزانی وەرگێڕانی بۆ دەكردین، كە گەیشتینە نوگرەسەلمان دەمانگوت سەد خۆزگە بەدووبز ئەوێ‌ باشتر بوو، حەوشەیەكی بچووكی هەبوو جار جار دەردەچووینە دەرەوە هەوایەكمان دەگۆڕی.

لەبارەی ناوی برا تازە لە دایكبووەكەی شێركۆ ئاشكرای كردووە هەتا لە نوگرە سەلمان بووین براكەمان هیچ ناویكی نەبوو، دوای ئازادبوونمان لە "سموود" باپیرەم ناوی لێ نا بەندین.




وشە - رامیار جەواد