كۆمپانیایەكی تایبەت بە بواری كەلوپەلی مۆبایلە زیرەكەكان، دووپاتی لە بەرهەمهێنانی جۆرە شووشەیەك بۆ ڕووپۆشی مۆبایلەكان كردەوە كە دەتوانێ بە تەواوی مۆبایلەكانتان بپارێزی و بە هیچ شێوەیەك تووشی شوخت و شكان نابێتەوە.
كۆمپانیای
Corning بەرهەمهێنانی شووشەیەكی تری پێشكەوتووی بە ناوی "Gorilla Glass" بۆ ڕووپۆشی پێشەوەی مۆبایلە زیرەكەكان بەرهەم هێنا، كە بە تەواوی ڕێ لە شوخت و شكانی شاشەكان دەگرێ.
شارەزایانی بوارەكە دەڵێن، گورێلا گلاس شەش كە جۆرە نوێكەی شووشەی ڕووپۆشی مۆبایلە زیرەكەكانە و لەلایەن كۆمپانیای كۆرنینگ بەرهەم هێنراوە، زۆر جیاوازە لەگەڵ ڤێرژنی پێشووی بەرهەمی ئەو كۆمپانیایە بۆ مۆبایلە زیرەكەكان.
بەكارهێنانی ئەو جۆرە شووشە نوێیە بۆ ڕووپۆشی مۆبایلە زیرەكەكان بە تەواوی دەیانپارێزی لە دروستبوونی شوخت و شكان، تەنانەت ئەگەر لە بەرزی 1.6 مەترەوە بكەونە خوارەوە و بەر زەوییەكی ڕەق بكەون، ئەوا بەهیچ شێوەیەك ناشكێن و كێشەیان بۆ دروست نابێت.
گورێلا گلاس شەش بە بەراورد لەگەڵ گورێلا گلاس پێنج زۆر جیاوازە و توانای بەرگەگرتنی بۆ دروستبوونی شوخت لەسەر ڕووی شاشەكە دوو هێندە لە ڤێرژنی پێشووی شووشەی تایبەت بە ڕووپۆشی مۆبایلەكان بەهێزترە.