فلۆرێنس نایتینگه‌یل.. "ژنێك له‌ ڕووناكی"

:: PM:04:05:22/07/2018 ‌

فلۆرێنس په‌رستاری سه‌رده‌می جه‌نگ بووه‌، خۆشه‌ویستی و وه‌فای بۆ كاره‌كه‌ی مانایه‌كی تری به‌ پیشه‌ی په‌رستاری به‌خشیوه‌، ژیانی زۆر له‌ سه‌ربازانی سه‌رده‌می جه‌نگی كرایمیای ڕزگار كردووه‌، هه‌روه‌ها گۆڕانكارییه‌كی گه‌وره‌ی له‌ ژیانی په‌رستارانی تر كردووه‌، په‌رستاری له‌لای پیشه‌ نییه‌، به‌ڵكو دڵسۆزییه‌، ژماره‌یه‌ك قوتابخانه‌ی تایبه‌ت به‌ ڕاهێنانی كاره‌كه‌ی كردووه‌ته‌وه‌ و كتێبی زۆری له‌ بواری پزیشكی بڵاو كردووه‌ته‌وه‌.

ژیاننامه‌
فلۆرێنس له‌ 12ی ئایاری ساڵی 1820 له‌ خێزانێكی ده‌وڵه‌مه‌ندی ئینگلیزی له‌ ناوچه‌ی فلۆرێنسی ئیتاڵیا له‌ دایك بووه‌، ناوه‌كه‌یشی وه‌ك ناوی شوێنی له‌دایكبوونه‌كه‌ی لێ نراوه‌، له‌ ساڵی 1821 گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ ئینگلته‌ڕا و گه‌وره‌بوونی فلۆرێنس له‌ گوندی ئێمبلی به‌ریتانیا بووه‌. 
فلۆرێنس له‌گه‌ڵ ئاستی كۆمه‌ڵایه‌تی خێزانه‌كه‌ی نه‌ده‌گونجا، به‌هۆی ئه‌وه‌ی خۆی كه‌سێكی ساده‌ و ساكار بوو خێزانه‌كه‌یشی به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، به‌گوێره‌ی زانیاری مێژوونووسان فلۆرێنس به‌رده‌وام ناڕه‌زایی ده‌ربڕیوه‌ و گوتوویه‌تی ئه‌گه‌ر كات بگه‌ڕێته‌وه‌ دواوه‌، بوونم به‌ كۆیله‌یه‌ك هه‌ڵده‌بژێرم نه‌ك ئه‌وه‌ی ئێسته‌ هه‌مه‌.

حه‌زی به‌ یارمه‌تیدانی خه‌ڵك كردووه‌ و ڕێزێكی زۆری بۆ داناون، كاتێك پیشه‌ی په‌رستاری هه‌ڵبژاردووه‌، خێزانه‌كه‌ی ڕه‌تیان كردووه‌ته‌وه‌ و به‌ توندی ڕووبه‌ڕووی بوونه‌ته‌وه‌، به‌ڵام گوێی پێ نه‌داون و ڕه‌تی كردووه‌ته‌وه‌ وه‌ك دایك و خوشكی ته‌نیا ژنێك بێت و دایكایه‌تی بكات، هه‌وڵی زۆری داوه‌ بۆ ئه‌وه‌ تواناكانی له‌ بواره‌كانی ئه‌ده‌ب و زانست و په‌رستاری په‌ره‌ پێ بدات.

وه‌ك له‌ سه‌رچاوه‌كان باس كراوه‌، فلۆرێنس كچێكی زۆر جوان و ڕوو خۆش بووه‌، به‌رده‌وام زه‌رده‌خه‌نه‌ی له‌سه‌ر لێو بووه‌، بۆ ماوه‌ی نۆ ساڵ پێوه‌ندی خۆشه‌ویستی له‌گه‌ڵ ڕیچارد مۆنكتن شاعیر و سیاسته‌مه‌داری ئینگلیزی هه‌بووه‌، دوای نۆ ساڵ خۆشه‌ویستی ڕه‌تی كردووه‌ته‌وه‌، به‌ بڕوای ئه‌و هاوسه‌رگیری ڕێگری هاتنه‌دی خه‌ون و هیواكانی بۆ بوون به‌ په‌رستار ده‌كات. 

له‌ ساڵی 1847 چووه‌ته‌ ڕۆما و چاوی به‌ سیدنی هێربه‌رت فه‌رمانده‌ی سه‌ربازی كه‌وتووه‌ كاتێك جه‌نگی كرایمیا هه‌ڵگیرساوه‌، دواتر پێوه‌ندی هاوڕێتییه‌كی به‌هێز له‌ نێوانیان دروست ده‌بێت و زۆر هاوكاری فلۆرێنس ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی بگات به‌ خه‌ونه‌كه‌ی، گه‌شته‌كه‌ی له‌ ئه‌وروپا ته‌واو كردووه‌ و له‌سه‌ر مێژوو و شوێنه‌واری وڵاتانی یۆنان و میسڕی نووسیوه‌.

له‌ ساڵی 1850 چووه‌ته‌ ڕێكخراوی ئاینی لوسێران له‌ ئه‌ڵمانیا كه‌ له‌ بواری گرنگیدان به‌ نه‌خۆش و پێداویسته‌ تایبه‌ته‌كان كاری ده‌كرد، ئه‌مه‌یش هۆكارێكی گرنگ بوو، بۆ ئه‌وه‌ی ژیانی بۆ دیوێكی تر وه‌رگه‌ڕێ كه‌ خۆی ئامانجیه‌تی، هه‌ر له‌ ڕێكخراوه‌كه‌ توانی چانسی چوار مانگ ڕاهێنانی پزیشكی وه‌رگرێت.

جه‌نگی كرایمیا
له‌ 21ی ئۆكتۆبه‌ری ساڵی 1854، فلۆرێنس له‌گه‌ڵ ستافێكی 38 په‌رستیاری خۆبه‌خشی تر كه‌ ڕاهێنیان پێ كرابوو، بۆ ئیمپڕاتۆریی عوسمانی و دواتر دوورگه‌ی كرایمیا كه‌ كه‌مپی سه‌ره‌كی به‌ریتانییه‌كان لێ بوو نێردران، دوای ئه‌وه‌ی گه‌یشتنه‌ سه‌ربازگه‌ی ئیسته‌نبوڵ، بینییان هیچ كه‌سێك نییه‌ یارمه‌تی سه‌ربازه‌ برینداره‌كان بدات جگه‌ له‌ نه‌بوونی چاره‌سه‌ری پێویست و خواردن به‌ نه‌خۆش و برینداره‌كان.

فلۆرێنس نامه‌یه‌ك بۆ حكوومه‌تی به‌ریتانیا ده‌نێرێت و داوایان لێ ده‌كات چاره‌سه‌ری دۆخه‌كه‌ بكه‌ن، دواتر نه‌خۆشخانه‌یه‌ك دابین ده‌كرێت و سه‌ربازه‌ برینداره‌كانی تێدا چاره‌سه‌ر ده‌كرا و ته‌واوی پێداوستییه‌ پزیشكییه‌كانی لێ بوو، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا  فلۆرێنس توانی ڕێژه‌ی مردن له‌ 42% بۆ 2% كه‌م بكاته‌وه‌، له‌ ساڵانی 2001 و 2008 كه‌ناڵی BBCچه‌ند ڕاپۆرتێك له‌باره‌ی كار و ئازایه‌تی فلۆرێنس له‌ سه‌رده‌می جه‌نگی دوورگه‌ی كرایمیای بڵاو كردووه‌ته‌وه‌، هه‌روه‌ها نازناوی "ژنێك له‌ ڕووناكی"یان لێ ناوه‌.

كاره‌كانی
له‌ 29ی نۆڤێمبه‌ری 1855، سندووقی نایته‌ینگڵی دامه‌زراند بۆ خه‌رجكردنی پاره‌ بۆ ڕاهێنان به‌ په‌رستاران، هه‌روه‌ها له‌ كۆبوونه‌وه‌ گشتییه‌كاندا به‌رده‌وام باس له‌ بوێری و ئازایه‌تی ئه‌م ژنه‌ له‌ كاتی جه‌نگ و چاره‌سه‌ركردنی سه‌ربازان كراوه‌، هاوكات له‌ ئیمپڕاتۆریی عوسمانی كاری كردووه‌ و چاره‌سه‌ری نه‌خۆشانی كۆشكه‌كه‌ی كردووه‌، دواتر له‌ ساڵی 1860 ئه‌كادیمیای ڕاهێنانی په‌رستاران له‌ نه‌خۆشخانه‌ی سه‌ینت تۆماس له‌ له‌نده‌ن كردووه‌ته‌وه‌.

له‌ ساڵی 1859، كتێبی "تێبینی له‌سه‌ر په‌رستاری" بڵاو كردووه‌ته‌وه‌، ئه‌م كتێبه‌ له‌ چه‌ندان په‌یمانگا و قوتابخانه‌ی تایبه‌ت به‌ په‌رستاری ده‌خوێنرا، هه‌روه‌ها كتێبێكی تری له‌باره‌ی "چه‌ند زانیارییه‌ك بۆ زوو چاكبوونه‌وه‌ له‌ نه‌خۆشی" نووسیوه‌ و ده‌نگدانه‌وه‌یه‌كی زۆری دروست كردووه‌، چه‌ندان نووسین و كتێبی تری له‌ بواری پزیشكی نووسیوه‌ كه‌ پڕ فرۆشترین چاپ بوون.

له‌ ساڵی 1882 ژماره‌یه‌كی زۆر له‌و په‌رستارانه‌ی له‌لایه‌ن فلۆرێنسه‌وه‌ ڕاهێنیان پێ كرابوو، بوونه‌ سه‌رۆكی نه‌خۆشخانه‌ به‌ناوبانگه‌كانی به‌ریتانیا و ئوسترالیا و كاره‌كانیان جێی شانازی بوون، له‌ ساڵی 1907 بووه‌ یه‌كه‌م ژن مه‌دالیای Order of Merit پێ ببه‌خشرێت، ساڵی دواتر خه‌ڵاتی شانازی ئازادیبوونی له‌ له‌نده‌ن و مه‌دالیای خاچی سووری ڕۆیالی وه‌رگرتووه‌.

مردنی
له‌ 13ی ئۆكتۆبه‌ری ساڵی 1910 كاتێك له‌ خه‌ودا بووه‌ له‌ ته‌مه‌نی 90 ساڵی له‌ له‌نده‌ن مردووه‌ و له‌ كه‌نیسه‌ی مارگرێت نێژراوه‌، دوای مردنی به‌سه‌دان نووسراوی بڵاو نه‌كراوه‌ی جێ هێشت كه‌ پڕِ بوون له‌ زانیاری پزیشكی و تایبه‌ت به‌ په‌رستاری. 


وشە - په‌یام محه‌مه‌د